image


پەیامی کورد... نزیکەی ١٣ ملیۆن هاووڵاتی مەدەنی ئۆکراینایان جێ هێشتووە

شارەزایانی مافی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاگەیاندراوێکیان بڵاو کردەوە و تێیدا نیگەرانی خۆیان بەرامبەر بە زیادبوونی ژمارەی پەنابەرانی ئۆکراینی نیشاندا.

هەر لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاشکرا کراوە کە لە دەستپێکی جەنگەوە تا ئێستا نزیکەی ١٢ ملیۆن ٨٠٠ هەزار هاووڵاتی مەدەنی بەهۆی هەڕەشەی جەنگەوە لە ئۆکراینا ماڵ و حاڵیان جێ هێشتووە و لە کاتێکدا حەوت ملیۆن ٧٠٠ هەزار کەس لەو ژمارەیە بەرەو ناوچە ئەمنییەکانی وڵاتەکە کۆچیان کردووە، زیاتر لە پێنج ملیۆنی دیکەش پەنایان بردووەتە بەر وڵاتانی دراوسێ.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هەروەها باس لەوەش کراوە کە بارودۆخی دەروونی بەشێکی زۆر لەو هاووڵاتییانەی دەربەدەربوون خراپە و پێویستیان بە پشتیوانی بەپەلە و ڕاوێژکاری دەروونی هەیە.

ئەوەش خراوەتە ڕوو کە پێویستە گۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتیوانی زیاتر لەو هاووڵاتییە مەدەنییانە بکەن کە بە ناچاری وڵاتەکەیان جێ هێشتووە و هاوکاری مرۆیی زیاتریان پێشکەش بکەن.

- سێ هەزار و ٢٨٠ مەدەنی گیانیان لەدەستداوە

لە لایەکی دیکەوە لە پێگەی فەرمی کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەران لە نەتەوە یەکگرتووەکان دواین ئامار لەبارەی ژمارەی هاووڵاتییانی مەدەنی بڵاوکراوەتەوە و هاتووە لە ٢٤ی شوباتەوە تا ئەمڕۆ سێ هەزار و ٢٨٠ مەدەنی گیانیان لەدەستداوە و سێ هەزار و ٤٥١ی دیکەش برینداربوون.

هەروەها ئاماژە بەوە کراوە پێشبینی دەکرێت ژمارەی کوژراوان زۆر زیاتر بێت.

ئەوەش خراوەتە ڕوو زۆربەی ئەو کەسانە بەهۆی بۆردوومانی فڕۆکەکان، تۆپباران و هێرشی مووشەکییەوە گیانیان لەدەستداوە.