image


پەیامی کورد... وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەردانی سعودیە دەکات


هەفتەی داهاتوو وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەردانی سعودیە دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتەکە کۆدەبێتەوە؛ بابەتی ئاسایش و ئابووری تەوەری سەرەکیی سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەبن و چاوەڕوان دەکرێت هەردوو وڵاتەکەش پەیوەندییەکانیان ئاسایی بکەنەوە.

رۆژی هەینی، 2ـی ئایاری 2023، جۆن کێربی، وتەبێژی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە واشنتن رایگەیاند، ئەنتۆنی بلینکن لە سەردانەکەیدا جەخت لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ سعودیە دەکاتەوە و وتی، "ئێمە سەرنجمان لەسەر داهاتووە؛ پەیوەندیمان لەگەڵ سعودیە، پەیوەندییەکی ستراتیژیی گرنگە، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە کە ئێمە لەگەڵ سعودییەکان لەسەر هەموو شتێک کۆکین یان ئەوان لەگەڵ ئێمە لەسەر هەموو شتێک کۆکن."

بلینکن، بەوتەی کێربی، لە سعودیە، بە هاوبەشی لەگەڵ فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودیە، میوانداریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش دەکەن و "باس لە هەڕەشە بەردەوامەکانی داعش دەکەن و هەوڵەکانیان بۆ شکتسپێهێنانی داعش دووپات دەکەنەوە."

سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کاتێکدایە، مانگی رابردوو، جەیک سوڵیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا، سەردانی سعودیەی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتەکە باسیان لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نیوان هەردوولا کرد.

لە دوای کوشتنی جەمال خاشقچی، رۆژنامەنووسی سعودی لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2018 و بڕیارەکەی ساڵی رابردووی سعودیە لە گروپی ئۆپێک پڵەس بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت، پەیوەندیی نیوان واشنتن و ریاز ساردوسڕی تێکەوت.

ئەوە لە کاتێکدایە، سعودیە و ئێران رۆژی 10-03-2023، رێککەوتن پەیوەندییەکانیان ئاسایی بکەنەوە و نێردە دیپلۆماسییەکانیان لە وڵاتی یەکدی بکەنەوە.

ئەو رێککەوتنە کە بە نێوەندگیریی چین دروستبوو، چاوەڕێدەکرێت لێکەوتەی بەرفراوانی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەبێت.