image


پەیامی کورد... وەزیری دەرەوەی تورکیا دوای 11 ساڵ بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە میسر

وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو، لەسەر بانگهێشتی هاوتا میسرییەکەی، سامح شوکری بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە میسر.

چاوشئۆغڵو لە فڕۆکەخانەی قاهیرە، لە لایەن جێگری وەزیری دەرەوەی میسر، ئیهاب ناسر و باڵیۆزی تورکیا لە قاهیرە، ساڵح موتڵو شەن و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەوە پێشوازی لێکرا.

لە چوارچێوەی دیدار و کۆبوونەوەکاندا، چاوشئۆغڵو لەگەڵ هاوتا میسرییەکەی، سامح شوکری کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵی ئەنجام دەدات، دواتر کۆبوونەوە لەسەر ئاستی شاندەکانیش دەست پێ دەکات.

دوای کۆبوونەوەکان کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەش بۆ چاوشئۆغڵو و شوکری رێکدەخرێت. چاوشئۆغڵو هەروەها سەردانی مەزارگەی شەهیدانی تورک لە قاهیرە دەکات.

چاوشئۆغڵو دوای ١١ ساڵ دەبێتە یەکەم وەزیری دەرەوەی تورکیا کە لە تورکیاوە سەردانی میسر بکات.

دوای بوومەلەرزەکانی قەهرەمانمەڕەش، وەزیری دەرەوەی میسر رۆژی ٢٧ی شوبات سەردانی تورکیای کرد و بۆ نیشاندنی پشتگیری وڵاتەکەی و سەرەخۆشیکردن لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو کۆبووەوە.

هەروەها میسر هاوکاریی مرۆیی بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکانی تورکیا ناردبوو.