image


پەیامی کورد... وەزارەتی بەرگریی سوریا: ئیسرائیل هێرشی ئاسمانیی کردووتە سەر دەورووبەری دەمیشق


ئاژانسی فرانس پرێس بە پشت بەستن بە سەرچاوە خۆجێییەکان بڵاوی کردەوە: دوو هێزی سووریای پشتیوانی لە حیزبوڵڵای لوبنان لەم هێرشە شەوانەدا کوژراون.

لە سەرەتای شەڕی غەززەوە، ئیسرائیل هێرشی بۆ سەر ئامانجەکانی پەیوەست بە ئێران لە سوریا دەست پێکردووەتەوە. هەروەها شەڕەتەقە لە نێوان هێزەکانی ئیسرائیل و حزبوڵڵا لەودیو سنووری لوبنان ڕوویداوە.

سوپای ئیسرائیل هیچ لێدوانێکی لەسەر دوایین هێرشەکان نەداوە.

لە هەمان کاتدا ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی نزیک لە سپای پاسدارانی ئێران، بڵاویکردەوە، دوو ئەفسەری سوپای پاسداران بە ناوەکانی "محەمەد عەلی عەتای شۆڕەچە" و "پەناه تەقیزادە" لە کاتی ئەنجامدانی ئەرکی ڕاوێژکاری لە سوریا گیانیان لەدەست داوە.

تەسنیم لەم ڕاپۆرتەدا باسی کات و شوێنی کوژرانی ئەو دوو ئەندامەی سوپای پاسدارانی نەکردووە.

لە لایەکی دیکەوە، گوتەبێژی پنتاگۆن ڕۆژی شەممە هێرشە مووشەکییەکانی بۆ سەر بنکەی سەربازی ئەمریکا لە "ڕۆژاڤا" (کوردستانی سوریا) ڕاگەیاند، بەڵام دەڵێت ئەم هێرشانە هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.