image


پەیامی کورد... کۆریای باکوور حەوتەمین تاقیکردنەوەی ئەتۆمی ئەنجامدا

لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا کۆریای باکوور ئامادەکاری دەکرد بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەیەکی ئەتۆمی نوێ و بە پێی زانیارییەکانی چاودێرانی ئەمریکا لە ناوچەی بۆنجی ڕی کۆریای باکوور تاقیکردنەوەکەی ئەنجام داوە.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە، چاودێرانی سەربەخۆی ئەمریکا ئاماژەیان بەوەداوە، چالاکی کارکردن لە ناوچەی بۆنجی ڕی لە کۆریای باکوور نیشانەی تاقیکردنەوەی ئەتۆمی هەیە.

ئەوەشیان خستووەتە ڕوو، کۆریای باکوور سەرقاڵی پەرەپێدانی ماددەی کەرتبووی ئەتۆمییە لە بنکەی یۆنگبیون، لەکاتێکدا ناوچەی یۆنگبیۆن بنکەی سەرەکی ئەتۆمی کۆریای باکوورە و لەوێ یەکەمین چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە بەڕێوەدەبرێت.

چاودێرەکان ئاماژەیان بەوەشداوە، لێکۆڵینەوەکان دەریان خستووە کۆریای باکوور بەرپرسە لە دزینی بڕێک دراوی ئەلیکترۆنی، کە بە سەدان ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت، دەشڵێن لە کردەیەکی هاککردندا ئەنجامدراوە بۆ دابینکردنی دارایی پرۆگرامە ئەتۆمییەکانی کۆریای باکوور.

ئەمەش لەگەڵ ئەوەی، ماوەیەک بەر لە ئێستا ئەمریکا هۆشداریدا لە بارەی بەڕێوەچوونی حەوتەمین تاقیکردنەوەی ئەتۆمی کۆریای باکوور و بەڵێنی سزادانی کۆریای باکووریدا.