image


پەیامی کورد... ئێران مانگی دەستکردی (نوور 3)ی ناردە بۆشایی ئاسمان


میدیاكانی ئێران ڕایانگەیاندووە، سوپای پاسداران مانگی دەستکردی (نوور 3)ی بە سەرکەوتوویی ناردووەتە بۆشایی ئاسمان کە کارەکەی چاودێریی ئەمنییە و بۆ پێداویستییە هەواڵگرییەکانی سوپای پاسداران سوودی لێ وەردەگیرێت .

ڕۆژی چوارشەممە 23/9/2023، سەرلەشکر حوسەین سەلامی، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران، لە سیمینارێکدا ڕایگەیاند، سێیەمین مانگی دەستکردی دروستکراوی سوپای پاسداران لە خولگەی زەوی چووەتە دەر و بە سەرکەوتوویی جێگیر بووە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە میدیاکانی سەر بە سوپای پاسداران بڵاویان کردووەتەوە، ئەم مانگی دەستکردە بە ناوی (نوور 3) لە ڕێگەی کەشتییەکی بۆشاییگەڕی ئێرانییەوە بە ناوی ''قاسید'' ڕەوانەی بۆشایی ئاسمان کراوە و لە خولگەی 450 کیلۆمەتریی زەوی دانراوە.

پێشتر سوپای پاسداران دوو مانگی دەستکردی نوور 1ی لە ساڵی 2020 و نوور 2ی لە ساڵی 2022 بە سەرکەوتوویی ناردووەتە بۆشایی ئاسمان و لە خولگەی 500 کیلۆمەتری جێگیر بوون.

هەر لەم بارەیەوە ڕۆژی چوارشەممە 27/9/2023، حەسەن سالاریە، بەرپرسی ڕێکخراوی بۆشایی ئێران. لە وتوێژێكدا لەگەڵ میدیاكانی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند: “ئێمە ئامێری هەڵدانی سووک و سەروو سووکمان هەیە کە توانای هەڵدانی تەنی ٣٠ بۆ ٤٠ کیلۆگرامیان هەیە، دواتر پێویستە بەرەو تەنی زیاتر و مانگی دەستکردی قورستر هەنگاو بنێن کە بە گرووپ لەسەر یەک خولگە بسووڕێنەوە.''