image


پەیامی کورد... ئۆکراینا: سازان لەگەڵ ڕووسیا لە بەرژەوەندی ئێمە نییە

ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی ئۆکراینا ڕایگەیاند، سازان لەگەڵ ڕووسیا ئەنجامی پێچەوانەی بۆ ئۆکراینا دەبێت چونکە ڕووسیا دوای هەر ئاگربەستێک زۆر خراپتر هێرش دەکاتەوە.

میخایلۆ پۆدۆلیاک ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی ئۆکراینا لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەی ڕۆیتەرز ئاماژەی بەوە داوە، جەنگ دوای سازانەوە ناوەستێت تەنیا بۆ ماوەیەکی کاتی ڕادەگیرێت.

باسی لەوەشکردووە، دوای ماوەیەک لە سازان لە هەوڵێکی نوێدا، ڕووسیا چەک و هێزە سەربازییەکانی زیاتر دەکات و کار لەسەر بەهێزکردنی هێرشەکانیان دەکەن و تۆزێک خۆیان نوێ دەکەنەوە و زۆرێک لە ژەنەراڵەکان دەردەکەن و دەست دەکەنەوە بە هێرشێکی نوێ، هێرشێکی زۆر خوێناویتر و بەرفراوانتر.

پۆدۆلیاک ئاشکراشی کرد، ئۆکراینا داواکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ ئاگربەست ڕەتدەکاتەوە چونکە تێیدا هێزەکانی ڕووسیا لەو ناوچانەدا بمێننەوە کە لە باشوری و ڕۆژهەڵاتی ئۆکراینا داگیرییان کردوون، دەشڵێت، "دەبێت هێزەکانی ڕووسیا وڵاتەکە جێ بهێڵن دواتر پرۆسەی ئاشتی دەست پێ بکاتەوە."

ئەمەش لە کاتێکدایە، نزیکەی سی مانگە هێرشەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینا بەردەوامە و ئەو وڵاتە وەستاندنی جەنگی بەستووەتەوە بە پاشگەز بوونەوەی ئۆکراینا لە داواکاری بوون بە ئەندام لە ناتۆ.