image


پەیامی کورد ...سەرۆکی نوێی بانکی ناوەندیی تورکیا دەست بەکاربوو


سەرۆکی بانکی ناوەندیی تورکیا، حەفیزە گایا ئەرکان ئەرکەکەی لە سەرۆکی پێشووی بانکی ناوەندیی، شەهاب کاڤجیئۆغڵو وەرگرت.

ئاژانسی ئەنادۆڵو بڵاوی كردەوە لە رێوڕەسمێکدا ئاڵوگۆڕ لە پۆستی سەرۆکی بانکی ناوەندیی تورکیا لە نێوان حەفیزە گایا ئەرکان و شەهاب کاڤجیئۆغڵو ئەنجامدرا.

ئەرکان لە میانی گوتارێکیدا سوپاسی کاڤجیئۆغڵوی کرد بۆ ئەو خزمەتانەی لە دووساڵی رابردوودا لە ماوەی ئەرکەکەیدا گەیاندوویەتی و وتی: "ئێوە پڕۆسەیەکی سەختتان شانبەشانی تیمەکەتان ئەنجامدا، سوپاسی هەوڵەکانتان دەکەین، پێم خۆشە بزانن کە بەناوی وڵاتەکەمان و ستافی بانکی ناوەندییەوە بە رێزەوە هەوڵ و خزمەتکردنەکانتانمان لەیاد دەبێت".

حەفیزە گایا ئەرکان کە بووە یەکەم خانم لە مێژووی تورکیادا کە پۆستی سەرۆکی بانکی ناوەندی پێبدرێت، سوپاسی سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغانی کرد.

هەروەها کاڤجیئۆغڵو کە وەک سەرۆکی کۆمەڵەی رێکخستن و چاودێریی بانکی (BDDK) دەستنیشان کرا، هیوای بەردەوامی سەرکەوتنەکانی بۆ ئەرکان خواست.

د. حەفیزە گایا ئەرکان کێیە؟ ساڵی ١٩٨٢ لە ئیستانبوڵ لەدایکبووە، سالی ٢٠٠١ بەشی ئەندازیاری پیشەسازیی لە زانکۆی بۆغازیچی تەواو کردووە.

دواتر بۆ درێژەدان بە خوێندن رووی لە ئەمریکا کردووە و ساڵی ٢٠٠٥ لە زانکۆی پرینستۆن بڕوانامەی دکتۆرای لە بواری ئەندازیاریی دارایی بەدەستهێناوە.

دواتریش دوو خولی راهێنانی لە بواری زانستەکانی بەڕێوەبردن لە کۆلیژی کاری هارڤارد و سەرکردایەتی لە زانکۆی ستانفۆرد تەواو کردووە.

حەفیزە گایا ئەرکان لە ساڵی ٢٠٠٥دا لە دامەزراوەی دارایی گۆڵدمان ساکس دەستی بە کارکردن کردووە و بە درێژایی نۆ ساڵ لەگەڵ بانکە گەورەکانی ئەمریکا و کۆمپانیاکانی بیمە کاری کردووە.

لە ساڵی ٢٠١٤دا لەگەڵ بانکی فێست پەبڵیک دەستی بە کار کردووە و لە ماوەی نزیکەی هەشت ساڵدا وەک جێگری سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبردن، سەرۆک، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرۆکایەتی، بەڕێوبەری وەبەرهێنان و جێگری سەرۆکی بەشی مەترسییەکان، کاری کردووە.

بۆ ماوەی دوو ساڵیش ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی کۆمپانیای خشڵی "Tiffany & Co" بووە. هەروەها لە ئەنجوومەنی راوێژکاریی بەشی ئەندازیاریی دارایی و لێکۆڵینەوەی پڕۆگرامی ماتماتیکی زانکۆی پرینستۆن کاری کردووە.