image

پەیامی کورد      ...    سەرۆکوەزیرانی عێراق یش هاوشێوەی سەرۆکوەزیرانی هەرێم سەردانی ووڵاتانی ئەورووپا دەکات 

سەرۆک وەزیرانی عێراق پلانی هەیە لە داهاتوویەکی نزیکدا سەردانی ژمارەیەک ووڵاتی ئەورووپا بکات و چەند دۆسیەیەکی تایبەت بە عێراق و ووڵاتانی ئەورووپا تاوتوێ بکات.

حەمید نەئیم الغازی، ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ڕایگەیاندووە ، لەگەڵ بالۆف ئۆرۆش، باڵیۆزی نائاسایی کۆماری سریبا لە عێراق ئامادەکاری تایبەت دەکەن بۆ سەردانی موستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ سڕبیا و چەند ووڵاتێکی دیکە و بەغدا هیوای ئەوەی هەیە کە سڕبیا ڕۆڵی زیاتر ببینێت لە هەوڵی ئابووری و بازرگانی و ئاوەدانکردنەوەی عێراقدا.

ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق باسی لەوەکردوە، سەردانەکەی کازمی بەشێکە لە بەرنامەیەک کە چەند ووڵاتی ئەورووپای تێدایە، لەوانە سڕبیا، هەر کە سەردانەکە نزیک بوەوە لایەنی سڕبیا لێی ئاگاداردەکرێت بۆ ڕێکخستنی خشتەی بەروار و کۆبوونەوەکان.

ئەوەشی خستەڕوو، "گەشتی داهاتووی کازمی بۆ ئەورووپا دەستپێشخەرییەکی بەرپرسیارانەیە لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە و کاریگەرییەکی جیددییە کە پابەندبوونی خۆی بە پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان و ڕەچاوکردنی نزیکبوونەوەی کرانەوە بە ئەزموونە جیهانییەکان، لەسەر بنەمای سەروەری و مامەڵەی باش نیشان دەدات".

لای خۆشییەوە باڵیۆزی سڕبیا ستایشی هاوکاری و کۆششە بێهاوتاکانی بەغدای کرد لەگەڵ حکوومەتەکەی و تیمی باڵیۆزخانەکە لەناوخۆی عێراق، هەروەها تەئکیدیان کردەوە کە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو ووڵات لەسەر بنەمای مێژووییەکی پتەوی 63 ساڵەی پەیوەندییە دیپلۆماسییە  بەردەوام دەبێت.

ووتیشی، یەکێک لە ئەولەویاتی کارەکانی ئەو، کاراکردنی هەماهەنگی ئابووری و سەربازی و وەبەرهێنانە لەگەڵ بەغدا، هەروەها پەرەپێدانی کاری کۆمپانیا سڕبییەکانە بەپێی ئەو کۆنوسانەی لە نێوان هەردولادا واژۆکراون.