image


پەیامی کورد... سەرۆکی ڕووسیا: هاوپەیمانی سەربازیمان لەگەڵ چین نەبەستووە

سەرۆکی ڕووسیا ڕایدەگەیەنیت سەرجەم ئەو دەنگۆیانەی کە باس لەوە دەکەن لەگەڵ چیندا هاوپەیمانییەکی سەربازی دروستدەکەن دوورە لەڕاستیەوە.

ڤلادیمیر پووتین سەرۆکی ڕووسیا ئاماژەی بەوەدا: وڵاتەکەی ئێمە هیچ هاوپەیمانییەکی سەربازی لەگەڵ وڵاتی چین دروستناکات و سەرجەم ئەو دەنگۆیانەی باس لە شتێکی لەوشێوەیە دەکەن بێ بنەمان و دورن لەڕاستیەوە.

ئەوەشی خستەڕوو: ڕووسیا هەڕەشە لە هیچ وڵاتێک ناکات و هیچ پەیوەندییەکی نهێنیشمان نییە، ئەوەی هەیە لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا هاوکاری گۆڕینەوەیە لە بواری سەربازی و تەکنیکیدا.

وتەکانی سەرۆکی ڕووسیا دوای ئەوەدێت، کە وڵاتانی ڕۆژئاوا نیگەرانی خۆیان سەبارەت بە پەیوەندییە توندوتۆڵەکانی ئەم دواییەی نێوان مۆسکۆ و پەکین دەربڕیوە.

شایەنی باسە یەکێک لەو وڵاتانەی هیچ ڕەخنەیەکی لە مۆسکۆ نەگرت دوای ئەوەی سوپای ڕووسیا هێرشەکانی بۆسەر ئۆکراینا دەستپێکرد چین بوو، لە بەرامبەریشدا زیاتر لە جارێک ڕێکخراوی ناتۆی تۆمەتبارکرد بەوەی بەرپرسیارە بەرامبەر ورووژاندنی ڕووسیا.