image

پەیامی کورد    ...   ئیسماعیل قائانی جێگرەکەی قاسم سلێمانی لە عێراق شکست دەهێنێت

بە پێی دوایین زانیارییەکانى ئەم دواییەى سەفەرەکەى " ئیسماعیل قائانی " فەرماندەى سوپاى قودسی ئێرانی بۆ عێراق، ئاشکرا بووە کە هەوڵەکانى ئەو فەرماندە سەربازییەى تاران لەنزیک کردنەوەى لایەنە شیعەکانى عێراق شکستی هێناوە و، دەنگۆی ئەوەش بڵاو بووەتەوە کە "هەوڵی داوە چاوی بە ڕێبەرى ڕەوتى سەدر بکەوێت، بەڵام ووڵامى نەداوەتەوە".

یەکشەممەى ڕابردوو ئیسماعیل قائانی لە سەردانێکی نهێنی گەیشتە بەغدا و دواى کۆبوونەوەیەکى دوورو درێژى لەگەڵ هێزى هەماهەنگی شیعەکانی عێراق چووەتە شارى نەجەف لە باشوور عێراق و لەوێ هەوڵی داوە چاوی بە موقتەدا سەدر بکەوێت، بۆ ئەوەى ئەو درزەى لە نێوان میلیشیا و گرووپە شیعەکان هەیە چاکی بکاتەوە، بەڵام بێ ئەنجام گەڕاوەتەوە تاران.

سەرەتا هیچ لایەنێکى فەرمی عێراقی و ئێرانی باسیان لەو سەردانە نەکرد، بەڵام دواى بڵاوبوونەوەى وێنەکانى قائانی لەسەر گۆڕی ئەبوومەهدی موهەندیس، جێگری پێشووى دەستەى میلیشیاکانى حەشدی شەعبی کە دوو ساڵ پێش ئێستا لە نزیک فرۆکەخانەى نێودەوڵەتى بەغدا لەگەڵ قاسم سولەیمانى فەرماندەى پێشووى سوپاى قودس لەلایەن هێزەکانى ئەمریکا لە ناو بران، زۆربەى میدیاکان باسیان لەو سەردانە نهێنیەى فەرماندەکەى سوپاى قودس کرد.

ئاژانسى میدیایی میهری ئێران هێماى بەوە کردووە "سەردانەکەى قائانی بۆ عێراق تەنها مەبەستى کۆبوونەوە بووە لەگەڵ سەرکردەکانى هێزەکانى هەماهەنگی شیعە، بۆ ئەوەى هەڵوێستى ماڵى شیعە یەکگرتوو بێت". لە بەشێکى دیکەى ڕاپۆرتى ئەو ئاژانسە جەخت لەوە کراوەتەوە گوایە "قائانی هەوڵی داوە هاوپەیمانییەکى فراوانى شیعە درووست بکات و لەهەمان کاتیشدا تاوتوێی پێکهێنانى حکوومەتى نوێ لە بەغدا بکات لەگەڵ لایەنەکانى نێو گرووپە شیعەکان".

دواى کۆتاییهاتنى هەڵبژاردنەکانى تشرینى یەکەمى ڕابردوو، بەشێکى زۆری هێزە شیعە نزیکەکانى رژێمى ئێران تووشى گەورەترین شکستى هەڵبژاردن بوون، بەتایبەت هاوپەیمانى فەتح کە لەهەڵبژاردنەکانى ٢٠١٨ خاوەنى ٤٨ کورسی پەرلەمانى بوو، بەڵام لە هەڵبژاردنەکانى ٢٠٢١ بۆ ١٧ کورسی دابەزی، ڕەوتى سەدر، توانى بە براوەى یەکەمى هەڵبژاردنەکان لەکۆى ٣٢٩ کورسی بە ٧٣ کورسی دەربچێت.

قائانی لەچوارچێوەى سەردانەکەى ویستبووى چاوی بە موقتەدا سەدر بکەوێت، بەڵام زۆربەى سەرچاوە میدیاییەکان و، تەنانەت سەرچاوە نزیکەکانى نزیک سەدر ئەوەیان دووپات کردووەتەوە کە " هیچ دیدارێک لەنێوان فەرماندە ئێرانی و عێراقییەکە دا ڕووی نەداوە".

نەجم قەساب، توێژەری سیاسی عێراقی دووپاتی دەکاتەوە " قائانى وەک قاسم سلێمانى نییە و ڕەوتى سەدر یش نایەوێت سەرکێشى بە بردنەوەکەى بکات، چوونکە پێی وایە ڕەنگە لە هەڵبژاردنى داهاتوو ئەو شانسەى دووبارە نەبێتەوە". قەساب دەشڵێت "ڕەوتى سەدر، دوو جار لەهەڵبژاردنەکان براوە بووە، بەڵام زۆربەى وەزارەتەکان و حکوومەتى ڕادەستى لایەنە شیعەکانى دیکەى کردووەو، ئەوانیش هیچ شتێکی ئەوتۆیان پێشکەش بەکۆمەڵگەى شیعەو پێکهاتەکانى دیکە نەکرد". ئەو توێژەرە سیاسییە پێی وایە "تەنانەت قائانى ناتوانێت کۆنتڕۆڵى هێزە نزیکەکانى تارانیش بکات کە چەندین ساڵە پاڵپشتیان دەکات و، خۆیشى درووستی کردوون".

بەشێک لەسەرچاوە ئاگادارەکان باس لەوە دەکەن "قائانى هیچ پرۆژەیەکى پێ نەبووە، تەنها هەڵگری بیروکەیەکی لێکگەیشتن بووە لەنێوان هێزە شیعەکان بۆ ئەوەى بگەنە قۆناغی یەکگرتن". هەرچەندە سەدر چەندین مانگە هەڵگری پەیامی "پێکهێنانى حکوومەتێکى زۆرینەى نیشتیمانی"ـیە، بەڵام پێ ناچێت هەنگاوەکانى تا خاڵى کۆتایی سەرکەوتوو بن، چوونکە هێزە نەیارەکانى سەدر بەئاسانى رێگە نادەن بەو شێوەیە لایەن براوەى یەکەم پەراوێز بخرێن. لە هەمان کاتیشدا رژێمى ئێران گرینگییەکانى بەرامبەر عێراق بەبەراورد لەگەڵ جاران کەمتر بووەتەوە، چوونکە لەو کەیسانەى لەماوەى رابردوو لەئەستۆی گرتبوون شکستى هێناوە، بەتایبەت سووریا، عێراق و لوبنان و یەمەن، ئێستاش دەیەوێت لەو سزایانەى بەهۆى ئەو ووڵاتانەوە بەسەریدا سەپێندراوە دەربازی بێت".

بۆیە ئەمڕۆ تاران بەرامبەر ئەو قازانجانەى لەماوەى رابردوو بەدەستى هێناوە، رۆژ لەدواى رۆژ دەیدۆرێنێت، بەتایبەت لەو ناوچانەى بە قووڵایی شیعەکان دادەنرا، بۆیە بردنەوەى سەدر، سەرکێشەیەکى کەمترە لەوەى کەسێک بەتەواوی دژایەتیان بکات. پێشبینی ئەوەش لەئارادایە کە سەدر و گرووپە شیعەکان بگەنە رێکەوتنێکى مامناوەند، تا ڕادەیەک هێزە دۆڕاوەکانی هەڵبژاردنیش بەشدارییەکى لاوەکی لە حکوومەتى داهاتووی بەغدا بکەن، بەڵام بەمەرج و خاڵە هەموارکراوەکانى سەدر.