image


پەیامی کورد... سوێد پابەندبوونی خۆی بە ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ تورکیا ڕاگەیاند

سەرۆک وەزیرانی سوێد ڕایگەیاند کە ئەوان پابەندی ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ تورکیا دەبن و ئەو بەڵێنانەی کە لەبارەی ڕادەستکردنەوەی داواکراوان داویانە جێبەجێی دەکەن.

لە پەراوێزی کۆڕبەندی سیاسیی ئالمێدالین، ماگدالینا ئاندرسۆن سەرۆک وەزیرانی سوێد، لە لێدوانێکیدا ئاماژەی بەوە کرد کە زانیاری لەسەر ناوەڕۆکی ئەو ڕێککەوتنە نادات کە لەگەڵ تورکیا ئەنجامیان داوە، تەنیا ئەوە نەبێت کە وتی، " پابەندی ڕێککەوتنەکەمان لەگەڵ تورکیا دەبین و ئەو بەڵێنانەی کە لەبارەی ڕادەستکردنەوەی داواکراوان داومانە جێبەجێی دەکەین".

سەرۆکوەزیرانی سوێد، وتیشی، " ئەو کەسانەی کە لە چالاکییە تیرۆریستییەکاندا تێ نەگلا ون پێویست ناکات نیگەران بن و ئەو کەسانەی هاووڵاتیی سوێدن بە پێی یاسا نیشتمانی و یاسا نێودەوڵەتییەکان ڕادەست ناکرێنەوە. ئەگەر لە چالاکیی تیرۆریستیدا تێ نەگلا ون ئەوە پێویست ناکات نیگەران بن".

ئەوەش لە کاتێکدایە، سێشەممەی ڕابردوو، لە چوارچێوەی لووتکەی ناتۆدا لە ئیسپانیا، سەرۆک و سەرۆک وەزیرانی هەر سێ وڵاتی تورکیا و سوێد و فینلاند بە ئامادەبوونی سکرتێری گشتی ناتۆ کۆبوونەوە، ئەوەش بۆ ڕازیکردنی ئەنقەرە و دەستپێکردنی پرۆسەی ئەندامێتی ئەو دو وڵاتە لە ناتۆدا.

لە دوای کۆبوونەوەکەش، یەنس ستۆلتنبەرگ سکرتێری گشتی ناتۆ، ڕایگەیاند: تورکیا ڕازیبوە بە ئەندامێتی سوێد و فینلاند لە ناتۆدا.

هەر لە چوارچێوەی ڕازیکردنی تورکیادا، بەیاننامەیەکی هاوبەشی تورکیا و سوێد و فینلاند بڵاوبویەوە و تێیدا هاتووە کە سوێد و فینلاند دڵنیایی دەدەن بە تورکیا کە ڕێگری لە هەموو کار و چالاکییەکانی پەکەکە و هەر ڕێکخراوێکی "تیرۆریستی"، لە وڵاتەکانیان قەدەغە بکەن و هەروەها کار دەکەن بۆ ڕەوانەکردنەوەی ئەو کەسانە بۆ تورکیا و لە چوارچێوەی هەواڵگریدا هاوبەشی یەکتری دەکەن.