
پەیامی کورد... سوید رێگە بە ناتۆ دەدات هێزەکانی لە خاکی وڵاتەکەیدا جێگیر بکات
سەرۆکوەزیرانی سوید، ئوڵف کریستیرسۆن رایگەیاند، رێگەیان بە هێزەکانی ناتۆ داوە بە شێوەیەکی کاتی لە وڵاتەکەیدا جێگیر بکرێن.
کریستێرسۆن و وەزیری بەرگریی سوید، پال جۆنسن لە گوتارێکی هاوبەشدا کە بۆ رۆژنامەی Dagens Nyheter نووسیوویانە، ئاماژەیان بەوە داوە کە هەڕەشەکانی رووسیا بۆ سەر وڵاتەکەیان بەردەوامە، بۆیە حکوومەتی سوید رێگەی بە سوپا داوە لەگەڵ وڵاتانی ئەندامی ناتۆ ئامادەکاریی بکات بۆ ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لە داهاتوودا.
له وتارەکەدا هاتووە: "رووسیا هێشتا هەڕەشەیە بۆ سەرمان، لە ئەگەری هاتنەپێشەوەی قەیران یان شەڕدا پێویستە بتوانین بە خێرایی سەرچاوە سەربازییەکانی گەلانی دیکه بهێنینە ناوچەکەمان. وەک حکوومەتی سوید رێگەمان دا سەربازانی ناتۆ بەشێوەیەکی کاتی له ناوچەکەماندا جێگیر بن".
هاوکات لە وتارەکەدا راگەیەندراوە: "مۆسکۆ بۆ گەیشتن بە ئامانجە جیۆپۆلەتیکییەکانی مەترسییەکی گەورەی سەربازیی و سیاسیی دروست کردووە. شەڕی رووسیا بەرامبەر بە ئۆکراینا جیاوازە لە هەموو ئەو شتانەی کە لە سەردەمی مۆدێرن لە ئەورووپادا بینیوومانە. ئێمە لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە لە مەترسییەکی ئەمنی جیددیداین. رووسیا لە داهاتووشدا بەردەوام دەبێت لە دروستکردنی مەترسی لەسەر دراوسێکانی. مەحاڵە بتوانرێت سنووری تەماحی پوتین لە داگیرکردنی خاکی وڵاتان دیاری بکرێت. بەهۆی ئەوەی ئێمە لە ژێر رۆشنایی بارودۆخی جیددین لەو ژینگەیەی کە لێمانەوە نزیکە، بڕیارێکی لەو شێوەیەمان دا".