image


پەیامی کورد... سوپاسالاری ئەمریکا: شەڕی داهاتوو بە تەکنۆلۆژیای زۆر پێشکەوتوو دەبێت

لە کاتێکدا کە مەترسییەکان دەربارەی بەرفراوانبوونی شەڕی ڕووسیا و ئۆکراینا زیاد دەکەن، مارک میللی، سوپاسالاری ئەمریکا جەختی کردەوە، شەڕی داهاتوو زۆر ئاڵۆز دەبێت و بە تەکنۆلۆژیای زۆر پێشکەوتوو دەبێت.

لە وتارێکدا لە ئەکادیمیی سەربازیی ئەمریکی لە ویست پۆینت لە ویلایەتی نیویۆرک مارک ڕایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕووبەڕووی ڕووسیا و چین بووەتەوە کە دەیانەوێت سیستەمی جیهان بگۆڕن کە لەسەر یاسا دامەزراوە. و ئاڵنگاری گەورە هەن لە ئەورووپا و ئاسیا و ناوچەکانی دیکەی جیهان.

بەپێی میدیاکانی ئەمریکا، مارک، ڕوونیشی کردەوە، وڵاتەکەیان لە دوای ڕووخانی دیواری بەرلینەوە دووچاری زۆرێک لە ئاڵنگاری ئابووری و سەربازیی گەورە بووەتەوە، بەڵام سوپای ئەمریکا هەر بەهێزی ماوەتەوە.

دەربارەی جەنگەکانی داهاتوو، مارک ئەوەشی خستە ڕوو: زۆر ئاڵۆز دەبن، ئەمەش بەهۆی بوونی زۆرێک لە دوژمنی فێڵباز و شەڕی شارەکان کە پێویستی بە چەکی ورد و تەکنۆلۆژیای نوێی پێشکەوتوو دەبێت.