image


پەیامی کورد … سوریا/ کوژرانی ١٠ کارمەندی  کێڵگەیەکی نەوت لە هێرشێکی داعش دا

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢ی دێسامبر، لەکاتی گەڕانەوەی کارمەندانی کێڵگەیەکی نەوت لە ڕۆژهەڵاتی سوریا لە دیرەزور، داعش هێرشیکردە سەر پاسی کارمەندەکان و 10 کارمەند کوژران و کەسێکی دیکە بریندار بوو.

ئاژانسی سانای حکومەتی سوریا ئاشکرایکرد، کارمەندەکان کاتێک لەسەر کێڵگەیەکی نەوتی لە دیرەزور گەڕاونەتەوە، چەکدارانی داعش هێرشەکەیان ئەنجامداوە و ئەو 10 کەسە کوژراون.

پارێزگای دیرەزور لە سوریا ناوەندی چالاکی چەکدارانی داعشە لەو وڵاتە و لەدوای کۆتایهێنانی دەسەڵاتی داعش، ئەو چەکدارانە لەو ناوچانە ماونەتەوە.

هۆکاری گیرسانەوەی چەکدارەکان لەو ناوچەیەدا، بوونی ڕووباری فوراتە، کە ژینگەیەکی لەبارەی دروستکردووە بۆ مانەوە و خۆشاردنەوەی چەکداران.

تا ئێستا چەندینجار هێزەکانی سوریای دیموکرات “هەسەدە” لە باکوری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات ئۆپەراسیۆنیان ئەنجامداوە و چەندین چەکداریان دەستگیردووە، بەڵام هێشتا ناوچەکە شوێنی چالاکی چەکدارەکانە.