image


پەیامی کورد … تاڵیبان دەیان دامەزراوەی میدیایی لە ئەفغانستان داخستووە

بە پێی ئامارێكی نوێ، لەوەتەی بزوتنەوەی تاڵیبان گەڕاوەتەوە سەر دەسەڵات لە ئەفغانستان، 257 دامەزراوەی میدیایی لەم وڵاتە داخراون.

لێژنەی پارێزگاری لە مافەكانی ڕۆژنامەنووسان لە وڵاتی ئەفغانستان راگەیەندراوێكی بڵاو كردووەتەوە لەسەر دۆخی میدیایی لە وڵاتەكە و ئاماژەی بەوە داوە بەهۆی ئەو كۆت و بەندانەی تاڵیبان بەسەر دامەزراوە میدیاییەكانیدا سەپاندووە، لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا 257 دەزگا داخراون.

هەر لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە كە دۆخێكی نەخوازراو ڕووبەرووی ڕۆژنامەنووسان بووەتەوە و 70%ی ڕاگەیەندكارەكان بێكار ماون و بەشێكیشیان بۆ دەرەوەی وڵات كۆچیان كردووە.

لە ماوەی یەك ساڵدا 12 ڕۆژنامەنووس لە ئەفغانستان كوژراون و 230 ڕۆژنامەنووسیش ڕووبەرووی ئەشكەنجە و توندوتیژی بوونەتەوە.