image


پەیامی کورد... تەندروستیی جیهانی: حاڵەتەکانی تووشبوون بە کۆرۆنا لە زۆربەی وڵاتانی جیهان لە هەڵکشاندایە

بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، ژمارەی تووشبووانی نوێی پەتای کۆرۆنا لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا بە ڕێژەی لە ١٨٪ بەرز بووەتەوە و زیاتر لە ٤ ملیۆن و ١٠٠ هەزار حاڵەتی تووشبوون لە جیهاندا تۆمارکراوە.

دەزگای تەندروستی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نوێترین ڕاپۆرتی هەفتانەی خۆیدا سەبارەت بە پەتاکە ڕایگەیاندووە، ژمارەی گیانلەدەستدان لە جیهاندا هاوشێوەی هەفتەی پێشوو ماوەتەوە و نزیکەی ٨٥٠٠ کەسە. لە سێ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و ئەمریکا گیانلەدەستدان بەهۆی کۆڤیدەوە زیادی کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتەکە کە درەنگانێکی ڕۆژی چوارشەممە بڵاوکراوەتەوە، هەفتانە زیاتر بەرزبوونەوەی حاڵەتی نوێی کۆڤید-١٩ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تۆمارکراوە، کە بە ڕێژەی ٤٧٪ زیادیان کردووە. ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاندووە، تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەورووپا و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا بە ڕێژەی نزیکەی ٣٢٪ بەرز بووەتەوە، لە ئەمریکاش بە ڕێژەی نزیکەی لە ١٤٪ بەرز بووەتەوە.

بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، تێدرۆس ئادهانۆم گێبریسۆس گوتی حاڵەتەکان لە ١١٠ وڵاتدا لە زیادبووندان، کە زۆربەیان بەهۆی جۆرەکانی ئۆمیکرۆن BA.٤ و BA. ٥ەوە بوون.

تێدرۆس لەم هەفتەیەدا لەمیانی کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی "ئەم پەتایە لە گۆڕاندایە، بەڵام کۆتایی نەهاتووە. گوتی توانستی بەدواداچوونی پەرەسەندنی بۆ ماوەی کۆڤید-١٩ "لە ژێر هەڕەشەدایە" لە کاتێکدا وڵاتان هەوڵەکانی چاودێریکردن و ڕێکخستنی بۆماوەیی کەم دەکەنەوە." هۆشداریدا لەوەی کە "بڵاوبوونەوەی جۆرە نوێیە سەرهەڵداوەکان و ئەگەری مەترسیدارتر قورستر لە ئارادایە."

داواشیکرد وڵاتان ڤاکسین دابین بکەن بۆ ئەو کەسانەی کە زۆرترین مەترسییان لەسەرە، لەوانەش کارمەندانی تەندروستی و کەسانی سەروو ٦٠ ساڵ، ئاماژەی بەوەش کرد، سەدان ملیۆن کەس ڤاکسینیان وەرنەگرتووە و بە توندی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی و مردنیان لەسەرە.

تێدرۆس باسی لەوەشکرد، لە کاتێکدا زیاتر لە ملیارێک و ٢٠٠ ملیۆن ڤاکسینی کۆڤید-١٩ لەسەر ئاستی جیهان بەکار هێنراوە، بەڵام تێکڕای ڕێژەی کوتانی ڤاکسینەکان لە وڵاتە هەژارەکاندا نزیکەی لە ١٣٪یە.

گوتیشی "ئەگەر وڵاتانی دەوڵەمەند ڤاکسین بدەن لە منداڵانی تەمەنی ٦ مانگەوە و پلانیان هەیە گەڕی زیاتری پێدانی ڤاکسین ساز بکەن، هزرمەندانە نییە کە پێشنیار بکەین وڵاتانی کەم داهات ڤاکسین وەرنەگرن و تەنیا ڤاکسین بۆ ئەو کەسانە دابین بکرێت کە ژیانیاین زۆر لە مەترسیدایە."

بەپێی ئەو ئامارانەی کە لەلایەن ئۆکسفام و هاوپەیمانی میللی ڤاکسینەوە کۆ کراونەتەوە، کەمتر لە نیوەی ئەو ٢.١ ملیار ڤاکسینە گەیشتووەتە جێ کە گرووپی حەوت ئابووری گەورەکەی جیهان بەڵێنیان دابوو ڕەوانەی وڵاتە هەژارەکانی جیهانی بکەن.

سەرەتای ئەم مانگە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕێگەی دا کۆرپە و منداڵانی قۆناغی بەر لە قوتابخانە ڤاکسینی کۆڤید-١٩ وەربگرن، پلانێکی نیشتمانی کوتانی خستە بواری جێبەجێکردنەوە کە ١٨ ملیۆن منداڵی بچووکی کردبووە ئامانج.

هەروەها ڕێکخەرە ئەمریکایەکدان پێشنیاریان کردووە هەندێک لە کەسە بە تەمەنەکان لە وەرزی پاییزدا ڤاکسینی بەهێزکەری نوێکراوە وەربگرن کە لەگەڵ نوێترین جۆرەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنادا دەگونجێت.