image


پەیامی کورد... تەندروستیی جیهانی گڵۆپی سەوز بۆ ڤاکسینێک دادەگیرێنێت کە سەدان هەزار منداڵ رزگاردەکات


رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رەزامەندییدا لەسەر بەکارهێنانی ڤاکسینێکی نوێ بۆ منداڵان دژ بە نەخۆشیی مەلاریا، کە ساڵانە سەدان هەزار منداڵ بەهۆیەوە گیانلەدەستدەدەن.
تێدرۆس ئەدهانۆم بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتی، "بەهۆی ئەوەی توێژەرێکی مەلاریا بووم، خەونم بەو ڕۆژە دەبینی کە ڤاکسینێکی سەلامەت و کاریگەرمان هەبێت بۆ مەلاریا، ئێستاش دوو ڤاکسینمان هەیە."
ئاماژەی بەوەشکرد، "بە خۆشحاڵییەوە رایدەگەیەنم کە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی پێشنیاری ڤاکسینی دووەم دەکات بەناوی R21/Matrix-M بۆ رێگریکردن لە مەلاریا لەو منداڵانەدا کە مەترسی تووشبوونیان بەو نەخۆشییە هەیە".
هەروەها ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕاسپاردەی نوێی سەبارەت بە ڤاکسینی دژە تای خوێنبەربوون و هەوکردنی پەردەی مێشک خستەڕوو، جگە لە ڕاسپاردەکانی کوتان دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
ڤاکسینی دژە مەلاریا لەلایەن تاقیگەی پەیمانگای سیروم لە هیندستان دروستکراوە، تا ئێستاش بەکارهێنانی لە غانا و نەیجیریا و بورکینافاسۆ پەسەند کراوە.
مەلاریا کە نەخۆشییەکی زۆر کۆنە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی کۆن، بەپێی دوایین ئامارەکانی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، لە ساڵی 2021دا 619 هەزار کەس لە جیهاندا بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.
نزیکەی نیوەی دانیشتوانی جیهان لە ناوچەیەکدا دەژین کە مەترسی تووشبوون بە مەلاریای لەسەرە و زۆربەی تووشبوون و مردنەکانیش لە ئەفریقا ڕوودەدەن.