image

پەیامی کورد     ...   ڕۆیتەرز: کۆمارى ئیسلامى حیزبۆڵڵاى لوبنان بۆ سیاسەتە ناوچەیی و جیهانییەکانی خۆی بەکار دەهێنێت

 شەڕ و ئاژاوەکانى پێنجشەممەى ڕابردووى بەیرووت، جارێکى دیکە سەرەنجەکانى خستنەوە سەر حیزبۆڵڵاى لوبنان و شوێنگەى ئەو گرووپە تیرۆریستییە لە لوبنان و ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست.

 زۆرێک لە پسپۆڕانى سیاسى لەوباوەڕەدان کە حیزبۆڵڵاى لوبنان بەشێکە لە سوپاى پاسدارانى کۆمارى ئیسلامى کە ئەرکەکەى پڕاکتیزەکردنى سیاسەت و هەنگاوەکانى ڕژێمە لە بەرژەوەندى ئاخوندەکان. ڕۆیتەرز ڕۆژى یەکشەممە لە ووتارێکدا بڵاوى کردەوە:

 حیزبۆڵڵاى لوبنان لە ساڵى ١٩٩٧ خراوەتە پێرستى گرووپە تیرۆریستییەکانى ئەمریکاوە. بەریتانیا و ئاڵمانیا و یەکیتى ووڵاتانى عەرەبیش حیزبۆڵڵاى لوبنان بە گرووپێکى تیرۆریستى لەقەڵەم دەدەن. چالاکییە ئابوورییەکانى حیزبۆڵڵاى لوبنان لە ڕێگەى بازرگانى و دروستکردن و بەڕێوەبردنى کۆمپانیاکانى بیناسازی و قوتابخانە و دەرمانگاکانەوە کۆ دەبێتەوە. بەڵام ڕاپۆرتگەلى زۆیش هەن لە چالاکییەکانى دیکەى حیزبۆڵڵاى لوبنان وەک قاچاخى مادەى هۆشبەر و چەکوچۆڵ و ئینسان.

لە دیسەمبەرى ساڵى ٢٠٢٠ى زایینى، بەرپرسانى بەریتانیا بارێکى گەورەى ماددەى هۆشبەریان بە بەهاى ملیارێک دۆلار گرت کە بە ئەگەرى زۆرەوە لە ڕێگەى حیزبۆڵڵاى لوبنانەوە نێردرابوو. حیزبۆڵڵاى لوبنان لە کاتى دروستبوونییەوە لە ساڵى ١٩٨٢ تا ئێستا لە ڕاستاى بەرەوپێشبردنى سیاسەتە ناوچەیی و جیهانییەکانى کۆمارى ئیسلامى و دەستوەردانە نێو ڕۆژهەڵاتى نێوەڕاست بەڕێوە دەچێت.
ڕۆیتەرز لە درێژەى وتارەکەیدا باس لەوە دەکات کە:

پاش دروستبوونى شەڕ و ئاژاوەکان و ناڕەزایەتییەکان لە سووریا و دروستبوونى شەڕى ناوخۆیی لەو ووڵاتە لە ساڵى ٢٠١٣ى زایینى، حیزبۆڵڵاى لوبنان یەکەم گرووپ بوو کە لەگەڵ هێزەکانى سوپاى قودسى پاسدارانى ڕژێمى ئێران چووە هاوکارى ڕژێمەکەى بەشار ئەسەد.
کۆپییە عێراقییەکەى حیزبۆڵڵا لە عێراقیش بە ناوى کەتائیبی حیزبوڵا لە ساڵى ٢٠٠٦ دروست بوو، بەڵام حیزبۆڵڵاى لوبنان کاریگەرى خۆى لەسەر گرووپە شیعەکانى ترى عێراق و نزیک لە کۆمارى ئیسلامى هەیە.

 حیزبۆڵڵاى لوبنان، تۆمەتبارى سەرەکی بۆمب دانانەوەکەى ساڵى ١٩٩٤ـە لە ناوەندى یەهوودییەکان لە ئەرجەنتین.