image


پەیامی کورد... تورکیا: بەرپرسێکی باڵای پەکەکە لە مەخموور کوژرا

بەپێی هەواڵێک دەزگای هەواڵگری میتی تورکیا بەرپرسی گشتی مەیدانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و هەپەگەیان لە مووسڵ کوشتووە.

ئاژانسی ئانادۆڵ لە سەرچاوەیەکی ئەمنییەوە بڵاویکردۆتەوە کە لە ئۆپەراسیۆنێکی دەزگای هەواڵگری تورکیا کە بە میت ناسراوە، بەرپرسی گشتی مەیدانی پەکەکە و هەپەگەیان لە مەخموور-کەرکووک-سلێمانی بەناوی (مەهمەت ئەردۆغان) کە ناوە نهێنییەکەی (ئەحمەد ڕووبار) بوە لە مووسڵ کوشتووە.

بەپێی زانیاریی ئاژانسەکە ئەردۆغان فەرمانی ئەنجامدانی چەند هێرشێکی کردووە لە ساڵانی ١٩٩٠ کە بە هۆیەوە ژمارەیەک مەدەنی و سەربازی تورکیا گیانیانلەدەستداوەو بەتۆمەتی هەوڵدان بۆ نەهێشتنی شیرازەی دەستورو تێکدانی یەکێتی و یەکپارچەیی تورکیا داواکراو بوە.

ئاژانسەکە زانیاری زیاتری بڵاوکردۆتەوەو ئاماژەیکردوە، دەزگای میت بۆی دەرکەوتوە مەهمەت ئەردۆغان لە ساڵی ٢٠٢١ەوە وەک بەرپرسی مەخموور-کەرکووک-سلێمانی دیاریی کراوە لە کەمپی مەخموور بەناوی حاجی میرزا عەلی ژیاوە، دوای کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگرییش لە ناوچەکە، میت لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە ٢١-٥ دا کوشتوویەتی.

هەروەها بڵاویشکراوتەوە، ناوبراو بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی فەرماندەیی هەپەگەش بووە پلانداڕێژەری چەندین پەلاماری چەکداریی و تەقاندنەوەی بۆمب بوە لە تورکیا، ماوەی ساڵانێکی زۆریش بەرپرسی پەکەکە بوە لە خواکوڕک و ئاڤاشین، کاتێک لەو ناوچانە بوە چەندین پلانی پەلاماری بۆ سەر تورکیا داڕشتوە.