image


پەیامی کورد... تورکیا بنکەیەکی هێزەکانی سووریای بوردوومان کرد

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ڕایگەیاند کە، لە هێرشێکی فڕۆکەی جەنگی تورکیا، بۆسەر بنکەیەکی سەربازی سوپای بەشار ئەسەد، ١١ کەس کوژران.

ئەمڕۆ سێشەممە ١٦ی ئاب، ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە، تێیدا هاتووە: تورکیا لە ڕێگەی فڕۆکەی جەنگییەوە، بنکەیەکی سەربازی سەر بە سوپای بەشار ئەسەدی لە گوندی (چارقلی) لە نزیک کۆبانێ (ڕۆژهەڵاتی پارێزگای حەلەب)، بۆردوومان کرد، بەگوێرەی ئامارە سەرەتایییەکان ١١ کەس کوژراون.

هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: بەهۆی زۆری ژمارەی برینداران و خراپی دۆخی تەندروستیان، چاوەڕێ دەکرێت ژمارەی کوژراوان بەرز ببێتەوە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، زانیارییەکان ئەوە پشتڕاست ناکەنەوە، کە هەموو ئەو کەسانەی کوژراون، سەر بە سوپای بەشار ئەسەد بن.

بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە ١٦ی ئابی ٢٠٢٢، سوپای تورکیا بە شێوەیەکی هەڕەمەکی ٤ گوللە هاوەنیان ئاراستەی ناوەندی کۆبانێ کرد، تۆپبارانەکە قوربانی لێکەوتەوە.

بەڕێوەبەرایەتی نەخۆشخانەی ئەمەلی کۆبانێ، بە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی گوت: "ئەمڕۆ ٤ برینداری تۆپبارانەکانی تورکیا گەیەندراونەتە نەخۆشخانەکەمان، مێردمنداڵێکی ١٤ ساڵانیش بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا".