image

پەیامی کورد  ...  ترامپ جارێكی دیكه‌ هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر جۆ بایدن

دۆناڵد ترامپ سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مریكا ڕه‌خنه‌ی له‌ ڕێككه‌وتنی ئاڵوگۆڕی دیله‌كانی نێوان ئیسرائیل و حه‌ماس گرت جارێكی دیكه‌ش هێرشی كرده‌ سه‌ر جۆ بایدن سه‌رۆكی ئێستای ووڵاته‌كه‌ی و رایگه‌یاند، ئاڵوگۆڕی دیله‌كان تا ئێستا نه‌بوونه‌ته‌ هۆی ئازادكردنی هیچ هاووڵاتیه‌كی ئه‌مریكی.
دۆناڵد ترامپ له‌ پلاتفۆرمی سۆشیال میدیای تایبه‌تی خۆی (Truths) كه‌ خۆی خاوه‌نداریەتی ده‌كات، ڕه‌خنه‌ی له‌ ڕێككه‌وتنی ئاگربه‌ستی نێوان ئیسرائیل و حه‌ماس و ئه‌و به‌شه‌ی په‌یوه‌ست به‌ ئاڵوگۆڕی زیندانییه‌كان له‌ نێوان هه‌ردوو لایه‌ن گرتووه‌ .

راشیگه‌یاندوه‌، "ئایا كه‌س تێبینی ئه‌وه‌ی كردوه‌ كه‌ حه‌ماس خه‌ڵكی ووڵاتانی دیكه‌ی گه‌ڕاندووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام هێشتا ته‌نانه‌ت یه‌ك بارمته‌ی ئه‌مریكی نه‌گه‌ڕاندوه‌ته‌وه‌؟".

ترامپ تیری ڕه‌خنه‌ ئاڕاسته‌ی نه‌یاره‌كه‌ی كرد جۆ بایدن سه‌رۆكی ئێستای ئه‌مریكایه‌ و به‌كه‌مته‌رخه‌م وه‌سفیكرد و ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، "ته‌نها هۆكارێك هه‌یه‌ بۆ ئازاد نه‌كردنی ئه‌مریكییه‌كان، به‌و پێیه‌ی هیچ ڕێزێك بۆ ووڵاته‌كه‌مان و سه‌ركردایه‌تیمان نییه‌، ئه‌مه‌ بابه‌تێكی زۆر دڵته‌زێنه‌ و قۆناغێكی تاریكه‌ له‌ ئه‌مریكا".
جۆ بایدن پێشتر ڕایگه‌یاندبوو، هیواداره‌ له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا ئه‌و ده‌ستبه‌سه‌ركراوانه‌ی كه‌ ڕه‌گه‌زنامه‌ی ئه‌مریكییان هه‌یه‌ له‌لایه‌ن حه‌ماس ه‌وه‌ ئازاد بكرێن، به‌ڵام ووتی، "نازانم ئه‌مه‌ كه‌ی ئه‌وه‌ ڕووده‌دات".