image

پەیامی کورد   ...  ترامپ: نانسی پلووسی، ژنێکی "شێتە" و کۆتایی بە دەسەڵاتی دێنین

دۆناڵد ترامپ ئەمجارە بە تووندی هێرش دەکاتە سەر نانسی پلووسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا و بە "شێت" ناوی دەبات و دەشڵێت، ئەوەی چین دەیکات یەک ملیۆن ساڵی دیکە لەژێر دەسەڵاتی ئەودا نەیدەتوانی بیکات.

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و سەرکردەی دیاری کۆمارییەکانی ئەمریکا بەشداریی لە کۆنفرانسی ساڵانەی کاری سیاسی لە شاری داڵاسی تێکساس کرد و ئەمجارە وێڕای هێرشەکەی بۆسەر جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و یاسای کەمکردنەوەی هەڵئاوسان، هێرشی تووندی کردە سەر نانسی پلووسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا.

ترامپ، ناسی پلووسی بە "شێت" ناوبرد و ووتی، بە بردنەوەی هەڵبژاردنەکان کۆتایی بە دەسەڵاتەکەی دێنن. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوەی ئەو کردی، خەونی لەمێژینەی چین بووە و وەکوو خۆی دەڵێت، بەو سەردانەی، بیانووی دایە دەستی چینەوە بۆئەوەی ئۆپراسیۆن و مانۆڕی سەربازی لەنزیک دوورگەی تایوان بکات، "هەرشتێک پلووسی دەستی لێبدات تێکیدەدات."

سەرۆکی پێشووی ئەمریکا ووتی، "ئەم ژنە (نانسی پلووسی) ئاژاوە لەگەڵ خۆی دێنێت و ئەوەش رێک ئەوەیە کە ئێستا روودەدات. ئەوەی ئێستا لە چین روودەدات.. ئەوەی لە چین و تایوان روودەدات، ئەو شتەیە کە ئەو ژنە خستیە دەستیانەوە، چوونکە ئێستا ئەوان بیانوویەکیان بەدەستەوەیە بۆئەوەی هەرچییەکیان ویست بیکەن."