image


پەیامی کورد … 43 بەندکراو لە گرتووخانەی ورمێ مانیان لە خواردن گرتووە

بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕێکی تایبەت بە مافی مرۆڤ، هەموو بەندکراوانی سیاسی و مەزهەبی کە لە بەندی سیاسیی گرتووخانەی ناوەندی ورمێ ڕاگیراون، بە نیشانەی ناڕەزایی دەربڕین بە چارەسەرنەکردنی بەندکراوانی نەخۆش لە ناوەندە دەرمانییەکانی دەرەوەی بەندیخانە، مانیان لە خواردن گرتووە.

بە گوێرەی هەواڵی ڕێکخراوی (هەنگاو) بۆ مافەکانی مرۆڤ، 43 بەندکراوانی سیاسی و مەزهەبی کە لە بەندی 10ی گرتووخانەی ورمێ ڕاگیراون، ئەمڕۆ چوارشەممە 22/9/2021 بە نیشانەی ناڕەزایی بەوەیکە رێگری لە گواستنەوەی بەندکراوە نەخۆشەکان بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی دەرەوەی گرتووخانە دەکرێت، مانیان گرتووە و بە نووسینی نامەیەک بۆ بەرپرسی زیندانی ورمێ، ڕایانگەیاندووە تا کاتێک  داواکارییەکەیان جێبەجێ نەبێت، واز لە مانگرتن ناهێنن.

بەپێی هەمان سەرچاوە ئێستا 12 بەندکراوی سیاسی و مەزهەبیی کورد کە نەخۆشن و لە بەندی 10ی گرتووخانەی ناوەندیی ورمێ (بەندی سیاسی) ڕاگیراون، سەڕەڕای ئەوەی کە پزیشک و تەندروستیی زیندان ڕایانگەیاندووە بۆ درێژەی دەرمانیان دەبێ بچنە دەرەوەی گرتووخانە، کەچی تا ئێستا بەرپرسانی گرتووخانە ڕێگەیان بە گواستنەوەی ئەو بەندکراوانە بۆ دەرەوە و درێژەدان بە دەرمان و چارەسەرییان نەداوە و لەناو زیندان ڕاگیراون.

ناسنامەی ئەو 12 بەندکراوە کوردە دارا ڕەشیدی، ئەنوەر چالشی، کامیل سەیدانی مەسکەن، نایب عەسکەری، نایب حاجی‌زادە، ئەحمەد تەموویی، سیروان ئەمینی، موختار ئیبراهیمی، محەممەد هووشەنگی، حاتەم ئەزدەمیر، شاکر بێهروزی و تاهیر حوسێن‌زاده ڕاگەیەندراوە.