image


پەیامی کورد... عێراق لە لیستی وڵاتە مەترسیدارەکان بۆ سپیکردنەوەی پارە هێنرایە دەرەوە

بانکی ناوەندیی عێراق ڕایگەیاند، بەهۆی ئەو ڕێوشوێنە نوێیانەی کە لە ماوەی ڕابردوودا گرتوویانەتە بەر لە دژی هەوڵەکانی سپیکردنەوەی پارە، یەکێتی ئەورووپا، عێراقی لە لیستی وڵاتە زۆر مەترسیدارەکان لەو بوارەدا هێناوەتە دەرەوە.

ئەنجوومەنی ڕووبەڕووبوونەوەی سپیکردنەوەی پارە لە بانکی ناوەندی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، عێراق ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ هەماهەنگیکردن لەگەڵ گرووپی کاری دارایی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، بۆ هەڵسەنگاندنی کارە بانکییەکانی لە بواری ڕێگریکردن لە سپیکردنەوەی پارە و کۆمەککردنی تیرۆر لەلایەن گرووپەکەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هەماهەنگی و هەڵسەنگاندنەکان بۆ بەدواچوونە، بۆ ئەوەی بزانرێت تا چ ئاستێک عێراق پابەند بووە بە بنەماکانی ڕێگریکردن لە سپیکردنەوەی پارە لە ڕێگەی بانکەکانەوە.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، دوای تەواوکردنی هەموو ڕێوشوێنەکانی چاودێری و هەڵسەنگاندنی هاوبەش، کە لە ساڵی ٢٠١٢وە لەسەر سیستەمی بانکی عێراق پیادە دەکرێت، بە شێوەیەکی ڕەسمی عێراق لە لیستی وڵاتە زۆر مەترسیدارەکان بۆ سپیکردنەوەی پارە هێنراوەتە دەرەوە.