image

پەیامی کورد      ...   بە پێی بڕیارێکی نوێی حکوومەت ئەم کەس و فەرمانبەرانە پلەکانیان لێ وەردەگیرێتەوە

سەرۆکی دەستەی دەستپاکی لە ھەرێمی کوردستان ووتی، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی یاسای چاکسازیدا ھەموو وەزارەتەکانی راسپاردووە، بۆ ئەوەی ووردبینی لە دۆسیەی فەرمانبەراندا بکەن و ھەر کەسێک بە نایاسایی یاخود ناشایستە پلەیەکی وەرگرتبێت، لێی وەربگیرێتەوە. ئەندامێکی لیژنەی داراییش دەڵێ، بە ئەنجامدانی ئەو کارە، داھاتێکی زۆر باش بۆ حکوومەت دەگەڕێتەوە.

حاکم ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، یەکێک لە خاڵەکانی یاسای چاکسازی ئەوەیە، ئەوەی کە بە ناسایایی یاخود ناشایستە ھەر پلەیەکی وەرگرتبێت لە ھەر وەزارەتێک یاخود دامودەزگایەک لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پێویستە لێی وەربگیرێتەوە و بگەڕێتەوە بۆ سەر ئەو پلەیەی کە شایستەیەتی، ئێستاش ھەموو وەزارەتەکان راسپێردراون کە پێداچوونەوە بە دۆسیەی سەرجەم فەرمانبەراندا بکرێت و وەزارەتەکانیش بەردەوام کار لەو بارەیەوە دەکەن و بەشی زۆریان کاری خۆیان تەواو کردووە، کە سەرجەم فەرمانبەران تەواو بوون، ئەوکان لیژنەی باڵای چاکسازی بڕیاری لەسەر دەدات.

سەرۆکی دەستەی دەستپاکی لە ھەرێمی کوردستان ووتیشی، ھەر وەزارەتێک کاری خۆی لە پێداچوونەوە و ووردبینی تەواو بێت، بۆ لیژنەی باڵا بەرز دەکرێتەوە و ئەوەش کە کراوە راستە ھێشتا ئامارێکی وورد نییە، بەڵام ژمارەیەکی زۆر بەو شێوەیە ھەن کە بە نایاسایی یان ناشایستە پلەیان وەرگرتووە، چوونکە ئێمە ژمارەیەکی زۆری فەرمانبەری مەدەنی و سەربازیمان ھەیە کە سەرووی ٨٠٠ھەزار کەسن، بەڵام لە داھاتوویەکی نزیکدا پرۆسەکە تەواو دەبێت، ئەمەش دەبێتە ھۆی دروستبوونی دادپەروەری.

حاکم ئەحمەد باسی لەوەش کرد، ئەو بڕیارە لە خوار پلە  تایبەتەکان دەگرێتەوە، لە پلەکانی ٩ و ٨ت تا دەگاتە پلەی یەک، ئەوەی موستەحەق نەبێت، پلەکەی لێ وەردەگرنەوە، چوونکە ئەمە لە یاسای چاکسازیدا ھاتووە و پێویستە ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت، بەڵام ھەندێک ووردەکاری تێدایە و پێویستە یەکلا بکرێتەوە.

دەشڵێ، ناکرێت ھەیە بڕوانامە و خزمەتیان وەکوو یەکە و پلەی یەکێک لەوەی دیکە بەرزتر بێت، چوونکە ئەمە نادادپەروەرییە و پێویستە وەکوو یەک بن.

لای خۆشیەوە، ئەرشەد حسێن ، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان، ووتی، لە یاسای چاکسازیدا ھاتووە، پێویستە ئەو کەسانەی پلەیان وەرگرتووە و شایستە نەبن، لێیان وەربگیرێتەوە و بچنە سەر ئەو پلەیەی کە شایستەن، ئەوانەش ژمارەیان گەلێک زۆرە لە ھەموو وەزارەتەکان، بۆیە زۆر گرینگە ئەو کارە بکرێت و دادپەروەری درووست دەبێت.

حسێن روونیشی کردەوە، ئەگەر حکوومەت ئەو کارە تەواو بکات، کە ئێستا کاری ووردبینی دەکات، داھاتێکی زۆر باش بۆ حکوومەت دەگەڕێتەوە، بەڵام ئەمەش کاتی دەوێت تا تەواو دەبێت.