image


پەیامی کورد... بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەنگدان‌و ژماردنی دەنگەكان بە ئەلیكترۆنی دەبێت


كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق رێنمایی تایبەت بە دەنگدان‌و جیاكردنەوەو ژماردنی دەنگەكانی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دەركردووە، بەپێی رێنماییەكان، دەنگدان‌و ژماردنی دەنگەكان بەشێوەی ئەلیكترۆنی دەبێت نەك شێوازی دەستیی، كارتی بایۆمەتری لەگەڵ رەگەزنامە یاخود كارتی نیشتمانی مەرجە بۆ بەشداری دەنگدەران لە پرۆسەكەدا.

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ، بە نوسراوێك رێنمایی تایبەت بە (دەنگدان‌و جیاكردنەوە‌و ژماردنی دەنگەكان)ی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان رەوانەی ئۆفێسەكانی كۆمسیۆن كردووە لە هەرێمی كوردستان.

بەگوێرەی ئەوەی لە رێنماییەكانی كۆمسیۆندا هاتووە، لەسەر بنەمای یاسای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی هەموار كراو، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان رۆژی 25ی شوباتی ساڵی داهاتوو بەشێوەی یەك بازنەیی بەڕێوەدەچێت، واتە هەرێمی كوردستان بەگشتی یەك بازنەی هەڵبژاردن دەبێت.

بەپێی ئەوەی لە رێنماییەكەی كۆمسیۆندا هاتووە، پرۆسەی دەنگدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە مانگی شوباتدا بەمشێوەیە دەبێت:
• پرۆسەی دەنگدان بەشێوەە ئەلیكترۆنی بەڕێوەدەچێت، لەڕێگەی بەكارهێنانی ئامێری پشتڕاستكردنەوەی ئەلیكترۆنی، كە لەسەر ئاستی وێستگەی دەنگدان تۆماری دەنگدەرانی تێدا هەڵگیراوەو هەڵدەسێت بە خوێندنەوەی تۆماری كارتی بایۆمەتری دەنگدەرو لەرێگەیەوە بەراوردكاری دەكرێت لەنێوان پەنجەمۆرو خوێندنەوەی (QR)ی كارتی دەنگدان، هەروەك بەراوردكاری دەكرێت لەنێوان تۆماری كارتەكە‌و تۆماری ئامێرەكەو، كارتەكە دەخرێتە ناو ئامێری جیاكردنەوەو ژماردنی ئەلیكترۆنی دەنگەكان بۆ خوێندنەوەو شیكردنەوەی كارتەكە بەشێوەیەكی ئەلیكترۆنی.
• ئامێری پشتڕاستكردنەوەی ئەلیكترۆنی بۆ هەموو وێستگەیەكی دەنگدان دابین دەكرێت‌و تەنیا تۆماری ئەو وێستگەیەی تێدا دەبێت.
• دەنگدەر بەشێوەی نهێنی دەنگدەدات‌و بە قەڵەمێكی تایبەت كە كۆمسیۆن بۆ ئەم مەبەستە تەرخانی دەكات، مۆر لەو لیست‌و كاندیدانە دەدات كە هەڵیاندەبژێرێت.