image


پەیامی کورد... بەهۆی خۆڵبارینەوە حکومەتی عێراق پشووی ڕاگەیاند

ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە ئەمینداریەتی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ڕای گەیاند بەهۆی خۆڵبارین و خراپی کەشوهەواوە، سبەی دووشەممە پشووی فەرمی دەبێت.

ئەمینداریەتی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا بڵاوی کردەوە سەرۆک وەزیران فەرمانگەکانی حکومەتی ڕاسپاردووە سبەینێ دووشەممە بکەن بە پشووی فەرمی، تەنیا فەرمانگە تەندروستییەکان، ئەمنییەکان و خزمەتگوزارییەکان لە کاردا دەبن.

ئاماژەشی بەوە داوە کە هۆکاری بڕیارەکە، هەڵکردنی شەپۆلێکی نوێی خۆڵبارینە بۆ چەند ناوچەیەکی جیاوازی عێراق.

ئەمڕۆ یەکشەممە ئاراس جەبار شارەزای بواری کەشناسی لە ڕاگەیاندراوێکدا بڵاوی کردبووەوە کە لە ئەنجامی هاتنی کاریگەریی بارستە هەوایەکی سارد لە دەریای ناوەڕاستەوە، سبەی دووشەممە کەشوهەوای هەرێمی کوردستان و ناوچەکە ناسەقامگیر دەبێت و لە ئەنجامدا خێرایی با لە ڕۆژئاوای عێراقەوە بەرەو هەرێمی کوردستان چالاک دەبێت، شەپۆلێکی تا ڕادەیەک چڕی خۆڵبارین بە ئاراستەی ناوچەکەوە دەهێنێت و چڕی خۆڵبارینەکە لە دوای نیوەڕۆ بۆ شەو زیاتر دەبێت.