image

ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان هۆشداری بەو بەرپرسانەی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان دا کە پارتی لە بابەتی هاتنی هێزەکانی تورکیا تۆمەتبار دەکەن و ڕایگەیاند، ئەگەر ئەوان بە ڕاستی خۆیان بە پشتیوانی پەکەکە دەزانن، ”با بفەرموون هێز بنێرنە قەندیل“.

پاش ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا گرووپی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر، هەوڵی ئەوەیان دا لە بابەتی هاتنی هێزەکانی تورکیا بە ڕەزامەندی و ڕێککەوتن لەگەڵ لایەنی عێراقی، پارتی تۆمەتبار بکەن.

عەلی عەونی، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایگەیاند: ”پێشتریش چەند کەسێکی ناو یەکێتی باسی ئەوەیان دەکرد کە حزبەکەیان بۆ ھاوکاریی (پەیەدە) ھێزی ناردووەتە کۆبانێ، بەڵام دواجار ئاشکرابوو کاتێک چەند کەسێکی ناو یەکێتی کە باسی کوردایەتی دەکەن، ئەوان ھەمیشە درۆیان کردووە و  جگە لە فشەفش و بەخشینەوەی تۆمەت، ھیچی دیکە نەبووە، چوونکە ئەوان ھاوکاری عەفرین و کۆبانێیان نەکردووە“.

جەختیشی لەوە کردەوە: ”ئەگەر ئەوان ڕاست دەکەن، کێ دەستی گرتوون؟ با ئێستا بڕۆن ھاوکاریی قەندیل بکەن“.

ئەو سەرکردەیەی پارتی پێیوایە کە ئەو کەسانەی ناو یەکێتی، ”تەنھا دووڕووییان بۆ دەمێنێتەوە، چونکە بۆ خۆڵکردنە چاوی خەڵکی کوردستان، ئەو جۆرە قسانە دەکەن، تاوەکوو بەخەڵکی بڵێن، ئێمە کوردایەتی دەکەین، بەڵام ئەگەر ئەوان ڕاست دەکەن، کاتێک بۆ پشگیری عەفرین خۆپیشاندان دەکەن، ئەی خێرە بۆ داگیرکردنی کەرکووک ھیچ جۆرە کەمپین و خۆپیشاندانێک ئەنجام نادەن؟ بەداخەوە ئەو کەسانەی ناو یەکێتی، پرسی کوردیان تێکەڵی موزایەدەی سیاسی کردووە“.

عەلی عەونی نەیشاردەوە کە ”تورکیا ھەڕەشەی لە یەکێتی کردووە، بۆیە ئێستا ناوێرن قسە بکەن، بەڵام ئەگەر ئەوان ڕاست دەکەن، ھیچ کەسێک دەستی ئەوانی نەگرتووە، بابڕۆن یارمەتیی قەندیل بدەن“.