
پەیامی کورد ... بەڕێوبەرایەتی کەشناسی لە ڕاگەیندراوێکدا چۆنیەتی کەش و هەوا ڕادەگەێنێت
بەڕێوبەری کەشناسی و بوومەلەرزەزانی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەو شەپۆلەی بارانبارین کە ھەرێمی کوردستانی گرتۆتەوە، تاوەکو کۆتایی ئەم ھەفتەیە بەردەوام دەبێت و پێشبینی دەکرێت لە زۆربەی ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان بەفریش ببارێت و پلەکانی گەرماش بۆ ژێر سفر دابەزن.
فازڵ ئیبراھیم، ڕایگەیاند : لە دووشەممەی ڕابردووەوە شەپۆلێکی بارانبارین ناوچەکانی ھەرێمی کوردستانی گرتەوە لە ئەنجامی پاڵەپەستۆیەک لە دەریای ناوەڕاست، بۆیە پێشبینی دەکرێت تا رۆژی دووشەممەی داھاتوو کاریگەری شەپۆلەکە بمێنێت و بارانبارین بە شێوەی پچڕ پچڕ و بەلێزمە بەردەوام بێت.
ئیبراھیم وتیشی، لەبارەی رەوشی کەشوھەوا، بۆ ئەمڕۆ ئاسمان نیمچە ھەور و ساماڵ دەبێت و سەرلەئێوارەش گۆڕانکاری روو دەدات و ئاسمان دەبێتەوە ھەور و باران پچڕ پچڕ دەبارێت، لە ناوچە شاخاوییەکانیش بارانبارین بەردەوام دەبێت و بۆ بەیانی ئاسمان ھەور دەبێت لەگەڵ بارانبارین و، پلەکانی گەرماش زۆر نزم دەبنەوە بە ھۆی ئەوەی بارستەھەوایەکی سارد ڕوو لە ناوچەکە دەکات و کاریگەرییەکانی لەمڕۆوە دەردەکەوێت، بە تایبەت لە شەودا، بۆیە سبەی زیاتر لە ناوچە شاخاوییەکان بەفر دەبارێت، کە ڕەنگە سبەی تا نزیک سلێمانیش بەفر ببارێت، بەڵام پارێزگاکانی دیکە لە سەنتەری شار پێشبینی ناکرێت بەفر ببارێت.
ناوبراو ِروونیشی کردەوە، رۆژی سێشەممە کەشوھەوا سەقامگیرییەک بەخۆیەوە دەبینێت و رۆژی چوارشەممە جارێکی دیکە بەفربارین زۆرینەی ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و پلەکانی گەرمان بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزن بۆ ژێر سفر لە شارەکانیش، هەروەها لە ناوچە شاخاوییەکان رێژەکە زیاتر دەبێت بۆ ٨ تا ١٠ پلە بۆ ژێر سفر، کە تا کۆتایی ھەفتە بەم شێوەیە بەردەوام دەبێت.
دەشڵێ، بەراورد بە ساڵی ڕابردوو رێژەی بارانبارین تا ھەمان بەروار رێژەکە زیاترە، بەڵام پێویستە ئەوە بزانین ساڵی ڕابردوو وشکەساڵییەکی بەھێز بوو، بۆیە ناکرێت بەراوردی ساڵی ڕابردووی بکەین، بەڵام بەراورد بە ساڵی ڕابردوو باشترە، بۆ نموونە ئەمساڵ لە ھەولێر تائێستا ١٤٠ملم باران باریوە، پار ساڵ لەھەمان کات ٧٤ملم باران باریبوو، بۆیە رێژەی بارانبارین بەراورد بە ساڵی رابردوو نزیکەی ٤٦% زیاتر بووە.
بەڕێوبەری کەشناسی و بوومەلەرزەزانی ھەرێمی کوردستان ڕاشیگەیاند، ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بارانبارین زیاترە، بەڵام ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ تێکەڵەی خۆی کەمترە، مەبەستم ئەوەیە تێکڕای بارانبارین لە ھەولێر ٤٠٠ملم بارانە ساڵانە و پارساڵ ٧٠ملم باران باریوە و ئەمساڵ لەو رێژەیەی ساڵی ڕابردوو زۆر زیاترە، بەڵام ناگەینەوە ٤٠٠ملم کە تێکرای خۆمانە و پێویستە ساڵانە ببارێت، بەڵام بە گشتی باشترە بۆ کەمبوونەوەی کاریگەری ووشکەساڵی لە ھەرێمی کوردستان.