image


پەیامی کورد... بڵاوبوونەوەی کۆلێرا لە سلێمانی بە فەرمی ڕاگەیەنرا

تەندروستی سلێمانی ئاشکرای کرد، ئەنجامی پشکنینەکان لە بەغداوە گەڕاونەتەوە و ئەو سکچوون و ڕشانەوەیەی بڵاو بووەتەوە، پەتای کۆلێرایە.

لەو بارەیەوە د. سەباح بەرزنجی بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی، پاش ئەوەی ئەنجامی پشکنینەکانی سکچوون و ڕشانەوە لە بەغدا پشتڕاست کرایەوە کە نەخۆشی کۆلێرایە، لە ئێستاوە هەموو تووشبوویەکی سکچوون مامەڵەی کۆلێرای لەگەڵدا دەکرێت.

سەبارەت بە ژمارەی تووشبووان باسی لەوە کرد، 56 تووشبوو لە پارێزگای سلێمانی پۆزەتیڤ دەرچووە، بۆیە وەزارەتی تەندروستی عێراق پێی ڕاگەیاندن کە باری لەناکاو ڕابگەیەنن.

ڕاشیگەیاندووە، تاکە سەرچاوەی تووشبوون بە کۆلێرا ئاوی پیسە و پێویستە هاووڵاتییان خۆیان بە دوور بگرن لە ئاوی پیس و ئەو خواردنانەشی گومانیان لێ دەکرێت کە ئاوەکەی پیس بێت، وەک شەربەت و خواردنەوەکان لە شوێنە گشتییەکان یاخود سەوزە، هەروەها ئاوی مزگەوتەکان کە زۆرینەیان هی بیر و کارێزن.

بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی وتیشی، کۆلێرا نەخۆشییەکی ترسناکە و تووشبووەکە لەنێوان ژیان و مردندایە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بە ئاسانی چارەسەر دەکرێت ئەگەر هۆشیار بێت و خێرا پەیوەندی بکات بە نەخۆشخانەوە، بەڵام ئەگەر درەنگ بکەوێت ئەوا دوور نییە تووشبووەکە گورچیلەکانی لەدەست بدات، بۆیە تکایە هەرکەس سکچوونی بوو بەپەلە سەردانی نزیکترین بنکەی تەندروستی بکات.