image

وەزیری‌ دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێم، وردەكاریی گۆراِنكاری لە پاشەكەوتی مووچە ئاشكرادەكات و رایدەگەیەنێت، کە لەئێستادا كۆی داهاتی هەرێم (٧٢٠) ملیار دینارە.

پاش كۆتاییهاتنی‌ كۆبوونەوەكەی‌ ئەمڕۆی‌ ئەنجومەنی‌ وەزیرانی‌ هەرێمی کوردستان سەبارەت بەزیادكردنی‌ مووچەی‌ فەرمانبەران و كەمكردنەوەی‌ پاشەكەوتی‌ مووچە، رێباز حەملان وەزیری‌ دارایی و ئابووری حكومەتی‌ هەرێم وردەكارییەكەی‌ ئاشکراکرد و وتی، "زۆرترین ڕێژەی‌ پاشەكەوت لەموچە لە (٣٠٪) 30دەبێت و كەمترینیش لە (١٠٪) 10دەبێت".
وەزیری‌ دارایی راشیگەیاند، "هەر مووچەخۆرێك مووچەكەی‌ (٤٠٠) هەزار دینار بێت لەگەڵ خانەنشیان و تۆڕی‌ پاراستنی‌ كۆمەڵایەتی‌ و زیندانیانی‌ سیاسی‌ هیچ بڕە پارەیەكیان لێ‌ پاشەكەوت ناكرێت".
رونیشیکردەوە، کە "هەر فەرمانبەرێك مووچەكەی لەنێوان ملیۆنێك بۆ ملیۆن و نیوێك بێت (٢٣٪) لە مووچەكەی دەبڕدرێت".
رێباز حەملان باسی ئەوەشیکرد، کە فەرمانبەرانی گرێبەستیش لەچوارچێوەی ئەم پاشەكەوتە وەك موچەخۆرانی دیكە مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت و موچەی ئەم مانگەش بەم سیستمە دەبێت.
هاوکات وتیشی، "لە ئێستادا (٣١٧)  ملیار لە لایەن بەغداوە دەنێردرێت و (٣٧٥) ملیاریش داهاتی سامانە سروستییەكانی هەرێمە و هاوكارییەكانی ئەمریكاش (٢٥)  ملیار دینارە، هەموو ئەو پارانەش دەکاتە (٧٢٠) ملیار دینار  داهاتی مانگانەی هەرێمی کوردستان".