image

پەیامی کورد      ...     بەرهەمی جووتیاران لە لایەن حکوومەتی هەرێمەوە بە پیشەسازی دەكرێت

راوێژكارێكی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی دەڵێ، وەزارەتەكەیان بە هاوكاری وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان، چەند هەنگاوێكی دەست پێكردووە بۆ ئەوەی بەرهەمی جووتیاران بە پیشەسازی بكات و، لە وەرزەكانی داهاتوو سوودیان لێ ببینێت، یاخوود هەناردەی دەرەوەیان بکات.

فەتحی مەحمەد عەلی بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی گرفتە تەكنیكی و یاساییەكانی كارگەكانی كوردستان چارەسەر دەكات، بۆ ئەوەی دەست بە كاربكەنەوە و بەرهەمی جووتیارانی كوردستان بە پیشەسازی بكرێت، یاخوود قوتوبەند بكرێن، دووبارە لە ناو هەرێمی كوردستان بەكاربهێنرێتەوە، یاخوود هەناردەی دەرەوە بكرێن.

دەشڵێت لەگەڵ وەزارەتەكانی كشتوكاڵ و دارایی و كۆمپانیاكان و بازرگانان بۆ ئەم بابەتە لە سەر خەتین و دەمانەوێت باجی زیاتر بخرێتە سەر بەرهەمی هاوردە، بۆ ئەوەی ئەو بەرهەمانە لە وەرزەكانی دیكە لە ماركێت و بازاڕەكانی كوردستان بفرۆشرێتەوە، چونكە بە گوێرەی ئەو داتایانەی لە بەردەستی ئێمەدایە، كوالێتی ئەم بەرهەمە ناوخۆییانە زۆر بەرزە بەراورد بە بەرهەمی هاوردە، بۆیە دەكرێت هەناردەش بكرێن بۆ ووڵاتانی دیكە.

ئاماژەی بەوەشدا "ئێستا وەزارەت گرفتی كارگەكان چارەسەر دەكات و، چەند كارگەیەكیش لە درووستكردندان بە تەواو بوونیانیشیان بەرهەمی هاوردە تا رێژەیەكی باش كەمدەبێتەوە، بەرنامەشمان داناوە بۆ ئەوەی بەشێك لەو بەرهەمە بەپیشەسازی كراوانە هەناردە بكەین، وەك ساڵانی پێشووتر بە تایبەت بۆ قەتەر و ئیمارات، لەم ڕوانگەیەشەوە لەگەڵ كۆمپانیاكانی گواستنەوە گفتوگۆ دەكەین".

فەتحی مەحمەد ئاماژەی بەوەشدا: كۆمپانیاكان و ژوورەكانی بازرگانی و بازرگانان بە مەبەستی ساغكردنەوەی بەرهەمی ناوخۆیی هاتوونەتە پێش و چەندین كۆبوونەوەش لەگەڵ وەزارەت كراوە، كە لە داهاتوودا ئەنجامی باشی دەبێت بۆ جووتیاران و بازاڕی ناوخۆی كوردستان.