image

پەیامی کورد      ...    باس و گفتوگۆ دەربارەی ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوچە كوردستانییەكان دەكرێت"

دوای ئەوەی ھەرێم و بەغدا بە ھاوكاری نەتەوەیەكگرتووەكان لەبارەی پڕۆژەیاسای بوودجە گەیشتنە رێككەوتن، كاتی گفتوگۆ بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكان ھاتووە، ئەندامێكی لیژنەی ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووكیش دەڵێ، پێویستە دۆخی ئەو ناوچانە ئاسایی بكرێتەوە، چوونكە ئەگەر ھەڵبژاردن بەو جۆرە بكرێت، لە بەرژەوەندی كورد نابێت.

شاخەوان عەبدۆڵڵا، ئەندامی لیژنەی ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك، ڕایگەیاند : "دۆخی ئەمنی و ئیداری و سیاسی شاری كەركووك زۆر خراپە، ڕاستە كە لە كاتی ھەڵبژاردندا دەتواندرێت رێكاری ئەمنی بگیرێتە بەر، بەڵام جیا لەوەی دۆخی ئەمنی باش نییە و بوونی ھێزی نامۆش كاریگەری لەسەر ئەنجامی ھەڵبژاردن دەبێت، كە رەنگە رێڕەوی پرۆسەكە بگۆڕێت و ساختەكاری بكرێت و دەنگدان لە بەرژەوەندی ھێزە میلیشاكان یەكلا ببێتەوە، كە بێگومان دۆخی ئەمنی بێ گەڕانەوەی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەكانی ھەرێم، بەو شێوە بەردەوام دەبێت، چوونكە ئەزموونمان ھەیە و تا پێشمەرگە لەو ناوچانەدا بوونیان نەبێت، دۆخەكە خراپتریش دەبێت".

عەبدۆڵڵا گوتیشی: "دۆخی ئەمنیی شاری كەركووك، لە رووی ئیداری و ئەمنییەوە، ئێستا لە سەردەمی رژێمی بەعسی رووخاو دەچێت".

ناوبراو باسی لەوەش كرد: "دوای پەسەندنی پڕۆژەیاسای بوودجە، كە بە ھاوكاری نەتەوەیەكگرتووەكان رێككەوتن لە نێوان ھەرێم و بەغدا كرا، ئێستا ئەو پرسە چارەسەر بووە، بۆیە لەبارەی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانەوە دەست بە گفتوگۆ دەكرێت و پێویستە بە ھاوكاریی نەتەوەیەكگرتووەكانیش، دۆخەكە ئاسایی بكرێتەوە".

ئەوەشی خستەڕوو، گەڕانەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ كەركووك، خاڵێك دەبێت لە گفتوگۆكان بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی ئەو پارێزگایە.