image

پەیامی کورد      ...     بە سەرۆکایەتی مەسروور بارزانی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە و داتاکانی تایبەت بە داهات و خەرجی و کورتهێنانی بوودجە تاووتوێ دەکات

ئەمڕۆ چوارشەممە 23 ی حوزەیرانی 2021 بە سەرۆکایەتی مەسروور بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران ، ئەنجوومەنی وەزیران کۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجامدا 

لە کۆبوونەوەکەدا ، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری، ڕوونکردنەوەی زیاتر و پێویستی لەبارەی ژمارە و داتاکانی تایبەت بە داهات و خەرجی و کورتهێنانی ناو بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2021 خستەڕوو .

دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوەی چڕ دەربارەی ئەو تێببینی و سەرنجانەی کە لە لایەن ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە خرانەڕوو ، بڕیاردرا وەزارەتەکانی دارایی وئابووری و پلاندانان و سامانە سرووشتییەکان ، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان، کۆبوونەوەی پێویست ئەنجام بدەن لەگەڵ لیژنە  تایبەتمەندەکانی پەرلەمانی کوردستان ( دارایی و کاروباری ئابووری، سامانە سروشتییەکان و یاسایی ) ، ئەمە سەرەڕای کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەگەڵ سەرجەم فراکسیۆنەکانی ناو پەرلەمانی کوردستان، بۆ پێدانی بەرچاوڕوونی زیاتر  و هێنانەدی لێک تێگەیشتنێکی هاوبەش لە نێوان حکوومەت و پەرلەماندا ، بۆ ئەوەی پڕۆژە یاسایەکی شەفاف و گشتگیر ئامادە بکرێت و دوای پەسەندکردنی لە لایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە ، بنێردرێت بۆ پەرلەمانی کوردستان بۆ دەنگدان .