image

پەیامی کورد     ...   کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە کورتهێنان وگرفتە داراییەکانی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین ئەنجامدرا

ئەمڕۆ سێ شەممە ١٧\٥ بەسەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و بەئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە پرسی داهات و خەرجییەکان و كورتهێنانی مووچە وگرفتە داراییەکانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەڕین ئەنجامدرا.

سەرەتای کۆبوونەوەکە سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوەدا کە ئامانجی ئەم کۆبوونەوەیە؛ دۆزینەوەی میکانیزمێکی گونجاو بۆ چارەسەر کردنی ئەو گرفتە داراییەی لەماوەی ڕابردوو لە سنووری  پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەڕین درووستبووە تایبەت بە کورتهێنانی پارەی پێویست بۆ مووچە.

لە‌كۆبوونە‌وە‌كە‌دا ‌جە‌ختكرایە‌وە‌ كە‌؛ ئەرکی لە پێشینەی حکوومەتە چارەسەری ئەو گرفتە بکات کە پەیوەندیدارە بە مووچە و بژێوی هاووڵاتیان و حکوومەت بەیەک چاو سەیری هەموو ناوچەکان دەکات وئەرک وبەرپرسیاریەتی کابینەکەشە، چارەسەری کێشەی کورتهێنانی پارەی پێویست بۆ مووچە بکات لە هەر پارێزگا وناوچەیەکی هەرێم بێت.

پاشان هۆکارەکانی کورتهێنان وکێشە داراییەکان وپێشنیارەکانی چارەسەرکردن بە داتا و ژمارەی پێویست خرانەڕوو، وئامادەبووانی کۆبوونەوەکە بە گیانی هەستکردن بە لێپرسراوێتی جەختیان  کردەوە کە؛ حکوومەتی هەرێم بە یەک چاو سەیری هەموو ناوچەکانی هەرێم دەکات وبەرپرسیارێتی سەرشانیشمانە کە شایستەی دارایی مووچە‌خۆران لە سەرتاسەری هەرێم وەک یەک دابین بکرێت و ئەمەش ئەولەویەتی کاری ئەم کابینەیەیە، بۆ ئەو مەبەستەش بڕیاردرا بە ڕاسپاردنی وەزارەتی دارایی وئابووری بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی پارەی پێویست بۆ خەرجی مووچە لە پێش هەر خەرجیەکی دیکە، دابینکردنی پارەی پێویست بۆ تەواو کردنی بودجەی پێویستی ئەم مانگە و لە هەمانکاتدا لە کۆبوونەوەکە بڕیاردرا بە پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش لە کەسانی پسپۆڕ وشارەزا لە هەردوو وەزارەتی دارایی وئابووری وناوخۆ بە هەمئاهەنگی پارێزگاکانی سلێمانی و هەلەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەرین وسەرجەم دامەزراوە دارایی وبانکییەکان  بۆ بەدواداچوونی ڕاستیەکان سەبارەت بە داهاتە گشتیەکان وگەیشتن بە ڕاست و درووستی ئەو قسانەی لەمبارەیەوە دەکرێن.
لەکۆبوونەوەکەدا وەزیرانی ناوخۆو دارایی وئابووری و سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و پارێزگارەکانی سلێمانی و هەڵەبجە و سەرپەرشتیاری هەردوو ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین ئامادەی بوون.