image


پەیامی کورد... برینداربوونی دوو کۆڵبەر لە سنووری کرماشان

دوو کۆڵبەری خەڵکی سەلاسی باوەجانی و مەریوان بە ناوەکانی ئیسماعیل میسری و شێرزاد لە دوو شوێنی جیاوازی سنووری نەوسوود سەر بە پارێزگای کرماشان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار کران.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ٣ی بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی گەلاوێژی ٢٧٢٢ (١٤ی ئاگۆستی ٢٠٢٢)، لە ئاکامی دەستڕێژی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە ژمارەیەک کۆڵبەر لە سنووری کەلەبەری ئەو شارە، کۆڵبەرێکی خەڵکی سەلاسی باوەجانی بە ناوی ئیسماعیل میسری لە بەشی سەر و لاقی بە سەختی پێکراوە.

هەمان ڕۆژ و لە سنووری میلەی شاری نەوسوود، کۆڵبەرێکی خەڵکی مەریوان بە ناوی شێرزاد (نازناو نادیار) بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە بەسی دەست و باسکی بە سەختی بریندار کراوە.

جێگای ئاماژەیە کە ئەم دوو کۆڵبەرە بە مەبەستی چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی ناوەندە دەرمانییەکانی پاوە کراون.