image


پەیامی کورد... دژی بەرزی دۆلار، لە بەغدا خۆپیشاندان دەستیپێكرد

وەك بڕیاربوو ئەمڕۆ لە نزیك بانكی ناوەندی عێراق لە بەغدا خۆپیشاندان دەستیپێكردو خۆپیشاندانەكە دژی بەرزی بەهای دۆلارە لە بەرانبەر دیناری عێراقی.

بەپێی هەواڵی میدیا عێراقیەكان، ئەمڕۆ چوار شەممە لە نزیك بانكی ناوەندی عێراق خۆپیشاندان دەستیپێكردو خۆپیشاندەران داوای دابەزینی بەهای دۆلار لەبەرانبەر دیناری عێراقی دەكەن

لەو بارەیەوە، فەریق روكن ئەحمەد سەلیم، فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی بەغدا بە میدیای فەرمی عێراقی راگەیاندوە: ئەمڕۆ چوارشەممە لە بەغدا خۆپیشاندان ئەنجام دەدرێت و خۆپیشاندانەكەش لە نزیك بانكی ناوەندی دەبێت، بۆیە هێزەكانیان پلانی خۆیان بۆ پاراستنی خۆپیشاندەران ئامادەكردوە و كار بە راسپاردەكانی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان دەكەن.

خۆپیشاندانەكانی ئەمڕۆ لە كاتێكدایە ماوەی زیاتر لە مانگێكە بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمریكی بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزیوە و رێكارەكانی حكومەت و بانكی ناوەندیش، نەیتوانیوە نرخی دۆلار بۆ نرخی پێشوی بگەڕێنێتەوە كە 100 دۆلار بە 146 بۆ 148 هەزار دینار مامەڵەی پێوە دەكرا، بەڵام لە ئێستادا 100 دۆلار بە زیاتر لە 160 هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەكرێت.