
پەیامی کورد... دایکی ژینا ئەمینی دوایین وێنەی پێش مردنی کچەکەی بڵاو کردەوە
موژگان ئیفتخاری، دایکی ژینا ئەمینی، لە ساڵوەگەڕی گیانلەدەستدانی کچەکەیدا، دوایین وێنەی ژینای بڵاو کردووەتەوە کە لە تاران لێی گیراوە و لەسەری نووسیویەتی: ''دوایین هاوین و دوایین گەشت.''
موژگان ئیفتخاری، دایکی ژینا ئەمینی، ئەو کچە کوردەی ساڵی ڕابردوو لەسەر سەرپۆش لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقی تارانەوە دەستبەسەر کرا و دواتر گیانی لەدەست دا، لە هەژماری تایبەتیی خۆی، لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (ئینستاگرام)، دوایین وێنەی کچەکەی بڵاو کردووەتەوە کە ساڵی ڕابردوو پێش مردنی لە تاران لێی گیراوە و لەسەری نووسیویەتی: ''دوایین هاوین، دوایین گەشت، دوایین ماڵئاوایی، دوایین پێکەنین و دوایین وێنە و کتوپڕ دوایین هەناسە و لە دوای تۆ خەمەکانمان سوکناییان نەهات.''
لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردووشدا دایک و باوکی ژینا ئەمینی ڕایانگەیاند: ''لە ساڵوەگەڕی شەهیدبوونی کچەکەیان، ژینا ئەمینی، لەسەر گۆڕەکەی ڕێوڕەسمی وەبیرهێنانەوەی بەڕێوە دەبەن و داوایان لە خەڵک کرد، بەبێ بەکارهێنانی توندوتیژی لەوێ ئامادە بن.''
ساڵێك پێش ئێستا، كچە گەنجێكی كورد، بە ناوی (ژینا ئەمینی)، بە بیانووی نەپۆشینی سەرپۆشەوە، پۆلیسی ئەخلاقی ئێران دەستگیری كرد، پاشان گیانی لەدەست دا و كەسوكارەكەی و چالاكوانان ڕایانگەیاند كە لەژێر ئەشكەنجەدا كوژراوە، ئەمەش ناڕەزایەتییەكی زۆری لەناو ئێران و سەرانسەری جیهان بەدوای خۆیدا هێنا.