
پەیامی کورد... دەستبەسەرکرانی سێ شاخەوانی کورد لە مەهاباد
سێ ئەندامی گرووپی شاخەوانی "هاوڕێیان" لە شاری مەهاباد بە ناوەکانی ئەسکەندەر بەردەرێز، شەهرام عەلیخانی و خەلیل ئەمینی لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە ڕفێندران.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە، ٤ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢ (٢٤ی جەنیوەری ٢٠٢٣) ئەسکەندەر بەردەڕێز، شەهرام عەلی خانی و خەلیل ئەمینی، ئەندامانی گرووپی شاخەوانی "هاوڕێیان" لە مەهاباد لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە ڕفێندران.
شیاوی ئاماژە پێدانە کە، ئەسکەندەر بەردەڕێز پێشتر لە ساڵی ٢٧١٤ دەستبەسەر کرابوو و بە تۆمەتی "چالاکی سیاسی" سزای ٤ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.
هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و بارودۆخی تەندروستی ئەم سێ وەرزشکارەی خەڵکی مەهاباد لەبەردەستدا نییە. و شوێنی ڕاگیرانیان بە نادیاری ماوەتەوە.