image


پەیامی کورد... دەستبەسەرکرانی شەش هاووڵاتیی کورد لە مەهاباد

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو لانی کەم شەش هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد بە ناوەکانی ناسر ئەحمەدزادە، جەلال مەحموودی، ئەمیر بایزیدی ئازەر، شەهرام بایزیدی ئازەر، کامبیز بایزیدی ئازەر و چالاک پیرزاد لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە.

بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، نیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی گەلاوێژی ٢٧٢٢ (١٦ی ئاگۆستی ٢٠٢٢) هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد لە تەڕەباری ئەم شارە لاوێکی خەڵکی گوندی (گۆک تەپە)یان بە ناوی جەلال مەحموودی دەستبەسەر کردووە

لە لایەکی دیکەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لانی کەم ٤ هاووڵاتیی خەڵکی گوندی لەج سەر بە شاری مەهاباد بە ناوەکانی ئەمیر بایزیدی ئازەر، شەهرام بایزیدی ئازەر، کامبیز بایزیدی ئازەر و چالاک پیرزاد لە ماڵەکانی خۆیاندا و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

هەروەها، شەممە ٢٢ی گەلاوێژ (١٣ی ئاگۆست)، هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی مەهاباد بە ناوی ناسر ئەحمەدزادە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەستبەسەر کراوە.

هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لە سەر هۆکاری دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی کە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە خراوەتە پاڵ ئەم شەش کەسە لە بەر دەستدا نییە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی پێنج ڕۆژی ڕابردوودا لانی کەم ١٧ هاووڵاتیی خەڵکی شارەکانی مەهاباد، بۆکان و شنۆ لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.