image


پەیامی کورد... دەزگای مین: ساڵی ڕابردوو ٦٨٢ هەزار و ٢٦٨ مەتر دووجا کێڵگەی مین پاک کراوەتەوە

دەزگای گشتی کاروباری مین لە ساڵی سێیەمی کابینەی نۆیەمی حکومەت، لە ماوەی نێوان ١ی حوزەیرانی ٢٠٢١ تاوەکوو ٣١ی ئایاری ٢٠٢٢ چەندین کار و چالاکیی تایبەت بە کاروباری مینی ئەنجام داوە. بەتایبەتی پانتایەکی زۆری لە کێڵگە مینرێژکراوەکان پاک کردووەتەوە و ژمارەی قوربانیان مینیش بڵاو کردووەتەوە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێم ئاماری کار و چالاکییەکانی ساڵی ڕابردووی دەزگای مینی بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە، لە ساڵی سێیەمی کابینەی نۆیەم، ڕووبەری ٦٨٢ هەزار و ٢٦٨ مەتر دووجا کێڵگەی مین لە تەواوی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان پاک کراوەتەوە. لەو ژمارەیە ڕووبەری ٣٠٢ هەزار و ٧٦٢ مەتر دووجا، لە لایەن دەزگای مینەوە پاک کراوەتەوە و ڕووبەری ٣٧٨ هەزار و ٥٠٦ مەتری دووجا لە لایەن ڕێکخراوەکانەوە پاک کراوەتەوە.

ئاماژە بەوەش کراوە، پرۆسەی پاککردنەوەی کێڵگە مینییەکان جۆراوجۆر بووە، هەندێکیان بە دەست (Elec +Full) بووە، هەندێکی تر بە میکانیکەڵ (MECH) و هەندێکی تریش بە بچووککراو (Reduced) بووە.

هەروەها ئەوەشی خستووەتە ڕوو، لە زۆربەی ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان، کێڵگەی مین هەیە. دەزگای مین لە ماوەی ساڵی سێیەمی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم توانیویەتی لە سنووری پارێزگای هەولێر ڕووبەری ٩٥ هەزار و ٤٧٦ مەتر دووجا و لە سنووری پارێزگای سلێمانی ڕووبەری ٦٠ هەزار و ٣٣٢ مەتری دووجا و لە سنووری پارێزگای دهۆک ڕووبەری ١٢٠ هەزار و ٩٢٧ مەتری دووجا و لە سنووری ئیدارەی گەرمیان ڕووبەری ٢٦ هەزار و ٢٧ مەتری دووجا لە کێڵگەی مین پاک بکاتەوە، کە کۆی گشتی دەکاتە ٣٨٧ هەزار و ٥٠٦ مەتری دووجا.

دەزگای مین دەشڵێت، ڕێکخراوی MAG شانبەشانی دەزگای مین لە ماوەی ساڵی سێیەمی کابینەی نۆیەم ڕووبەری ٣٧٨ هەزار و ٥٠٦ مەتری دووجا لە سەرجەم ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان لە سنووری پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان لە مین پاک کردووەتەوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاشکرایکردووە، لە ڕووی تەکنیکییەوە، دەستەی گشتیی کاروباری مین چەندین چالاکیی جۆراوجۆری ئەنجام داوە، لەوانەش ئەنجامدانی خولی مین لابەری بنچینەیی لە ماوەی نێوان مانگەکانی ئادار و نیسانی ٢٠٢٢ کە بۆ ١٤ کارمەندی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پارێزگای سلێمانی ڕێک خرابوو. لە لایەکی دیکەوە ٧ خولی دیکە لە ماوەی نێوان مانگەکانی ئابی ٢٠٢١ تا مانگی ئایاری ٢٠٢٢ لە لایەن ڕێکخراوەکان سەبارەت بە مین لابەری بنچینەیی، خولی ڕاهێنانی لەناوبردنی پارچەی تەقەمەنی (EOD . LEVEL٣)، خولی بەڕێوەبردنی کوالێتی (QM)، خولی ڕاهێنانی هۆشیارکردنەوە لە مەترسییەکانی پارچەی تەقەمەنی، خولی ڕاهێنانی لەناوبردنی پارچەی تەقەمەنی (EOD LEVEL٢)، خولی بەڕێوەبردنی سەرۆک تیم و خولی بەڕێوەبردنی کۆگای تەقەمەنی و بۆ ٨٦ کارمەند ڕێک خرابوو و لە لایەن هەر دوو ڕێکخراوی (MAG) و شاریتە سەرپەرشتی کراون.

سەبارەت بە دڵنیایی جۆری، لە ماوەی ساڵی سێیەمی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم، چاودێرانی دڵنیایی جۆری، ٦٣٧ جار سەردانی کێڵگە مینییەکان کردووە. لە پارێزگاکانی هەولێر ٢٠٠ جار، لە سلێمانی ٢٦٩ جار، دهۆک ١٤٨ و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان ٢٠ جار سەردانی کێڵگە مینییەکان کردووە. لەم چالاکییانەدا ٨٩ هەزار و ٨٧٩ مەتری دووجا کێڵگە مینرێژکراوەکان چێک کراون.

هاوکات دەربارەی پێدانی مۆڵەت دەڵێت، لە ساڵی سێیەمی کابینەی نۆیەم، ٧ مۆڵەتی کۆمپانیاکان و ٦ مۆڵەتی تایبەت بە ڕێکخراوەکان نوێ کراوەتەوە و مۆڵەتێکی نوێش بە ڕێکخراوێک دراوە.