image


پەیامی کورد... دەزگای گشتی کاروباری مین: ٦٥٪ی ناوچە مینڕێژکراوەکانی هەرێم پاککراونەتەوە

تاڵب خالید لێپسراوی ڕاگەیاندنی دەزگای گشتی کاروباری مین لەهەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، تاوەکو ئێستا ٦٥٪ی ڕوبەری زەوی مینڕێژکراو لە هەرێمی کوردستان پاککراوەتەوە.

تاڵب خالید بە ماڵپەڕی فەرمی یەکێتی وتووە، هەرێمی کوردستان یەکێکە لە ناوچە مەترسیدارەکان بەهۆی پیسبوونی بە مین و پاشماوەی جەنگی، کە بەڕوبەری ٧٧٦ کم دووجا لە خاکەکەی بە مین و تەقەمەنی و پاشماوە جەنگەییە نەتەقیوەکان پیسکراوە، لەو ڕوبەرە تاکو ئێستا ٦٥٪ی پاککراوەتەوە و ٣٥٪ی ماوە پاکبکرێتەوە.

هێمای بۆ ئەوەش کردووە، ئەو ڕوبەرە لەلایەن دەزگای گشتی کاروباری مینەوە بەسەر ٣ هەزارو ٥٠٠ ناوچەی مەترسیدار دابەشکراوە، کە بەهۆیەوە زیاتر لە ١٣ هەزار و ٥٢١ هاوڵاتی بوونەتە قوربانی.

لێپرسراوی دەزگای گشتی مین لە بەشێکی تری قسەکانیدا وتویەتی، قوربانیانی مین ڕۆژانە بەردەوامە لەناوچە جیاوازەکان کە کاریگەری لەسەر لایەنی کۆمەڵایەتی و ژێرخانی ئابوری و ئاوەدانکردنەوە هەبووە، ناوچە سنورییەکانی نێوان عیراق و ئێران لە هەرێمی کوردستان زۆرترین ناوچەی بە مینڕێژکراون، کە بەهۆی جەنگی ٨ ساڵەی نێوان عیراق و ئێران پیسکراون، کە زیاتر سنوری قەزای پێنجوێن و چۆمان و دەڤەری باڵەکایەتی پاشان ناوچەکانی تری کوردستان دەگرێتەوە.