image

پەیامی کورد     ...    دوای هێرشی تورکە فاشی یەکان بۆ سەر بنەماڵەیەکی هەولێری پارێزگاری هەولێر داوای ڕوونکردنەوە لە کونسووڵخانەی ئەو وولاتە دەکات

پارێزگای هەولێر روونکردنەوەیەکی لەبارەی هێرشکردنە سەر خێزانێک لە تورکیا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، داوا دەکەن لەزووترین کاتدا په‌ڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ئەم بابەتە بکرێته‌وه‌ و لەڕێگەی یاساوە هۆکاری ئەو پەلاماردان و هێرشکردنە نامرۆڤانەیە بۆ سەر ئەو خێزانە یەکلابکرێتەوە و پەلاماردەر و تاوانباران بەسزای تواندی یاسایی خۆیان بگەێنن

پارێزگای هەولێر ئەمڕۆ هەینی لەراگەێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "دوای بڵاوبوونەوەی گرتە فیدیۆییەک کە تێیدا خێزانێکی شاری هەولێر، لەلایەن چەند کەسێکەوە لە ووڵاتی تورکیا و لەنێوان هەردوو شاری (مێرسین و ئەدەنا) بەشێوەیەکی زۆر نامرۆڤانە هێرشیان دەکرێتەسەر و لێیان دەدرێت، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، پەیوەندی بەو خێزانە و کەس و کاریان کرد و دڵنیای کردنەوە کە لەگەڵ لایەنە فەرمییەکان لەسەر هێڵ دەبێت بۆ دەستگیرکردنی تاوانباران و بەسزا گەیاندنیان".

بەپێی راگەێندراوەکە، ئومێد خۆشناو بە ئەندامانی خێزانەکەی راگەیاندوە، "ئێوە کەس و کاری ئێمەن و له‌هه‌ر شوێن و جێگه‌یه‌ك بێت کردەوەی لەمجۆرە بەرامبەر بەهاوشاریانی خۆمان قەبووڵ ناکەین و بەتووندی سەرکۆنەی دەکەین"، پاشان لەبارەی ئەو کەیسەوە پارێزگاری هه‌ولێر، پەیوەندی بە بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کونسووڵی گشتی ووڵاتی تورکیا لەهەولێر کرد و چەند داواکارییەکی ئاڕاستە کردون.

هەر بەپێی راگەێندراوەکە، پارێزگاری هەولێر داوای کردووە، "لە زووترین کاتدا په‌ڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ئەم بابەتە بکرێته‌وه‌ و لەڕێگەی یاساوە هۆکاری ئەو پەلاماردان و هێرشکردنە نامرۆڤانەیە بۆ سەر ئەو خێزانە یەکلایی بکرێتەوە و پەلاماردەر و تاوانباران بەسزای تووندی یاسایی خۆیان بگەێنن".

هاوکات داوای لەکونسڵخانەی گشتیی ووڵاتی تورکیا لە هەولێر کراوە، بەفەرمی بۆ ڕای گشتی ڕوونکردنەوە بدات و هۆکاری پەلاماردان و هێرشکردنە سەر هاووڵاتییانی ئێمە لە ووڵاتەکەیان ڕوونبکاتەوە.

پارێزگاری هەولێر راشیگەیاندووە، "بەهەموو شێوەیەک کاری لەم جۆرە لەژێر هەر پاساوێک و  بڕوبیانوویەک بێت لەلای ئێمە قەبووڵکراو نییە و کارێکی نادرووستە و بە تووندترین شێوە سەرکۆنەی دەکەین، قەبووڵیشمان نییە لەهیچ شوێنێک هاوشارییانی ئێمە بێڕێزیان بەرامبەر ئەنجام بدرێت".