
پەیامی کورد... دوای نۆ ساڵ لە رفاندنی، کچێکی دیکەی کوردی ئێزدی رزگارکرا
بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش دەڵێت، کچێکی دیکەی کوردی ئێزدی رزگارکرا، بەمەش ژمارەی رزگارکراوان گەیشتە سێ هەزار و 574 رزگارکراو.
لەمبارەیەوە حوسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش رۆژی "چوارشەممە 27-09-2023" لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند ''ئەمڕۆ بە پشتیوانیی بەردەوامی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کچێکی دیکەی ئێزدی بە ناوی (د. ا.)، کە بۆ ماوەی 9 ساڵ لە دەستی داعشدا بوو، رزگارکرا.''
حوسێن قائیدی ئاماژەی بەوە کرد، ئەوانەی تاوەکو ئێستا رزگارکراون ژمارەیان سێ هەزار و 574 کەسە.
بەوتەی بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش، تەمەنی کچە رزگارکراوەکە 23 ساڵە و خەڵکی ناوچەیەکی شنگالە. لەکاتی رفاندنیدا، تەمەنی تەنیا 14 ساڵ بووە.
لە هێرشی داعشدا بۆ سەر شنگال، لە سێی ئابی ساڵی 2014، داعش کوردانی ئێزدیی کۆمەڵکوژ کرد و، شەش هەزار و 417 کەسیشی رفاند، کە تائێستا سێ هەزار و 574 کوردی ئێزدی رزگارکراون و نزیکەی 2843 کەسیش بێسەروشوێنن.