image


پەیامی کورد … دوو بوومەلەرزە شاری وانی لە باکووری کوردستان هەژاند

بوومەلەرزەیەكی بەهێز لە قووڵایی  16كیلۆمەتریی زەوی و بە گوڕی 3.6 پلە بە پێوەری ڕێختەر لە وانی باكووری كوردستانی دا.

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی بڵاو كراوەتەوە، بوومەلەرزەكە لە هەموو شوێنێكی شارەكە هەستی پێ كراوە و هاووڵاتییان ترسی زۆریان لێ نیشتووە، چونكە لە ڕابردوودا زیانێکی زۆریان بەهۆی بوومەلەرزەوە پێ گەیشتووە.

میدیاكانی توركیا بڵاویان كردووەتەوە، لە ماوەی 24 سەعاتدا دوو جار بوومەلەرزە لە وانی داوە، یەكەمیان بە گوڕی 3.7 پلە و دووەمیان بە گوڕی 3.6 پلە بە پێوەری ڕیختەر بووە.

تا ئێستا باس لە زیانەكانی بوومەلەرزەکە نەكراوە، بەڵام تیمێكی تایبەت بە ڕووبەڕووبوونەوەی بوومەلەرزە گەیشتووەتە وان و بۆ ئەگەری هەر بوومەلەرزەیەكی تر ئامادەكاریی تەواو كراوە.

بوومەلەرزەكە دوێنێ، یەکشەممە 28/11/2021، دەوروبەری سەعات 11ی شەو بووە، بەڵام بە گوێرەی زانیارییەكانی ڕۆژنامەی توركیی (جومهورییەت)، چەندین خێزان ماڵی خۆیان بەجێ هێشتووە و لەسەر شەقامەكانن و دەترسن بوومەلەرزەكە بە بەهێزی ڕوو بداتەوە.