image

بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕێکی ڕووسی و بە پشتبەستن بە میدیاکانی سوید، دوو هاووڵاتیی کوردی دانیشتووی سوید دوای گەڕانەوەیان بۆ کەرکووک، لەلایەن داعشەوە ڕفێندراون و پاشان بە دەستڕێژی گوللە کوژراون.

ماڵپەڕی (سپۆتنیک)ی ڕووسیا، ئەو دوو هاووڵاتییە کوردەی دانیشتووی سوید، پاش گەڕانەوەیان بۆ کەرکووک، لەلایەن چەکدارانی گرووپی تیرۆریستیی داعشەوە رفێدراون و دواتر کوژراون.

بەپێی هەمان سەرچاوە و ڤیدیۆیەک کەلە کاتی کوژرانیان بڵاو کراوەتەوە، یەکیان کەسێکی تەمەن 50 ساڵ و بازرگانە و ئەوی دیکەشیان گەنجێکی برازای بووە.

ڕۆژنامەیەکی سویدی بەناوی (ئێکسپرێسن) لەمبارەوە بڵاوی کردووەتەوە کە دۆست و کەسوکاری ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە پەیوەندییان بە ڕۆژنامەکەوە کردووە و هەواڵەکەیان پشتڕاست کردووەتە کە دوو کەسی کوژراو بەپێی ڤیدیۆکە، خزم و کەسوکاری ئەوانن.

بەپێی هەواڵی میدیاکانی سوید ئەو دوو کەسە مانگی دیسەمبەری ساڵی ڕابردوو گەڕاونەتەوە کەرکووک، بەڵام لە کاتی کریسمەسدا لەلایەن داعشەوە ڕفێندراون و پاشان لەم ڕۆژانەدا و بەپێی گرتە ڤیدیۆیەک کە بڵاو کراوەتەوە، یەکیان بە دەستڕێژی گوللە و ئەوەی دیکەشیان لە پشتە سەرەوە بە دەمانچە کوژراوە.

وەزارەتی دەرەوەی سوید ئاشکرای کردووە کە ئاگاداری ئەو ڕووداوە و بووە و لەگەڵ پۆلیس هەماهەنگیی کردووە و پۆلیسی ئەمنیی سویدیش ڕای گەیاندووە لە هەوڵی پەسەندکردنی ئەو ڤیدیۆیە دایە.