image

پەیامی کورد     ...     فەرماندەی فەرماندەیی کەرکووک : خیانەت نەبووایە ئەو ھێزانه‌ نه‌یانده‌توانی بەرەنگاری پێشمەرگە ببنەوە

ئەمڕۆ پێنج ساڵ بەسەر ڕووداوەکانی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەردا تێدەپەڕێت و جێگری ئەوکاتی فەرماندەیی میحوەری کەرکووکیش دەڵێ، پێشمەرگە توانی پیلانی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر لەنێو بەرێت و ئاماژەی بۆ ئەوە شکرد، داستانی پردێ، باڵانسی ھێزی گۆڕی.

لیوا حەمە رێگر، فەرماندەی فەرماندەیی کەرکووک، رایگەیاند: "چەند رۆژێک پێش ڕووداوەکانی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر، ئێمە لە سەنگەرەکانی پێشەوەی بەرگری بووین لە کەرکووک، بەڵام ھەستمان بە جووڵە کرد و ھێزە عێراقیەکان لە رۆژی ١٣ی ئۆکتۆبەر پێشڕەوییان کرد بەرەو کەرکووک، بەداخەوە بەشێک لەو ھێزەی لەگەڵ ئێمە بوون، بە ئاشکرا پێیان گوتین ئێمە رێککەوتنمان ھەیە لەگەڵ بەغدا و بەرگری ناکەین، رۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەر سەنگەرەکانی پشتمان چۆڵ کران و ھێزەکانی ئێمەیش بۆ ئەوەی بکەوینە خۆ بۆ بەرگری، پردێمان ھەڵبژاردن وەک خاکی بەرگری".

ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە دەشڵێت: "ئێمە بڕیارمان دا پێش بە ھێزەکانی حەشد و سوپای عێراقی بگرین و لە پردێ ھێزەکانی پێشمەرگە کەوتنە بەرگری و لە رۆژی ٢٠ی ئۆکتۆبەر ھێرشێکی بەربڵاو بەرەو پردێ دەستی پێکرد و بە چەندین چەکی پێشکەوتوو پەلاماری ھێزەکانی پێشمەرگە درا، بەڵام پێشمەرگە کەوتە شەڕێکی دەستەویەخە لەگەڵ ھێزەکانی عێراق و توانیمان ھێرشەکەی ئەوان بشکێنین، بەداخەوە حەوت پێشمەرگە لە پردێ شەھید بوون یەکێک لەوانە ھاووڵاتییەکی تورکمانی کەرکووک بوو، کە ئەویش بڕیاری دابوو بەرگری بکات هاوشانی پێشمەرگە".

لیوا حەمە رێگر ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "داستانی پردێ بووە ھۆی سەرکەوتنی پێشمەرگە لە میحوەرەکانی بازاڕگە و سحێلا و مەحموودیە و لە چەندین شوێنی دیکەش گورزی کۆشندە بەر ھێزە عێراقییەکان کەوت، داستانی پردێ و ئەوانی دیکەش بوونە ھۆی گۆڕینی باڵانسی ھێز و ئیدی عێراق گەیشتە ئەو بڕوایەی ناتوانن چیتر پێشڕەوی بکەن".

لیوا حەمە رێگر ووتیشی: "ئەگەر خیانەت نەبووایە، ھەرگیز ھێزەکانی عێراق و حەشدی شەعبی ئەو توانایەیان نەبوو بەرەنگاری پێشمەرگە ببنەوە، چونکە ئەوان پیلانیان ئەوە بوو تا حاجی ئۆمەران نەوەستن و ھەموو ھەرێمی کوردستان داگیر بکەن، بەڵام بە رێنوێنیی سەرۆک بارزانی، پێشمەرگە پیلانەکەی ١٦ی ئۆکتۆبەری لەناو برد و خەونی ئەوانەی لەگۆڕ نا کە بڕیاریان دابوو لە دامێنی قەڵای ھەولێر ھەڵپەڕکێ بۆ داگیرکردنی ھەولێر بکەن".