
پەیامی کورد... فەتانە وەلیدی، چریکە بلاوێنەکەی بناری ئاویەر کۆچی دواییی کرد
هونەرمەند فەتانە وەلیدی، بولبولەکەی کوردستان و چریکە بلاوێنەکەی بناری ئاویەری سنە ماڵاواییی لە ژیان و هونەر کرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ۲۳ی خەرمانانی ٢٧٢٣ی کوردی، هونەرمەند فەتانە وەلیدی، خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژی ناوداری کوردستان، لە تەمەنی ٦٦ ساڵیدا لە شاری سنە بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان و جیهانی هونەر و بەتایبەت هونەری کوردی کرد.
هونەرمەند "فەتانە وەلیدی"، کچی هونەرمەند "شەریف وەلیدی"، لە مانگی بانەمەڕی ٢٦٥٧ی کوردی (١٣٣٦ هەتاوی) لە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بووە. لە تەمەنی ٦ و ٧ ساڵاندا بەهۆی هاندانی مامۆستا حەسەن کامکار، باوکی کامکارەکان نێردراوەتە ڕادیۆ سنە و لەوێوە سەرەتای گۆرانیوتن و کاری هونەریی دەست پێ کردووە. دواتر بۆ ماوەیەک لە قوتابخانەی باڵای هونەری مۆسیقا لە شاری تاران وانەی خویندووە. لەو سەردەمەدا لەگەڵ گۆرانیبێژانی وەکوو ساڵح پیرزەهیری، بەهائەدین نەورۆزی، هوشەنگ شگێرف، بێهرووز تەوەکولی و چەند هونەرمەندێکی تری کورد لە ڕادیۆی سنە چالاکیی هونەریی هەبووە.
ژەنیارەکانی ئەو سەردەمەی ڕادیۆ سنە کە لەگەڵ فەتانە هاوکارییان کردبوو: ئەم کەسانەن؛ گریشا میکائیلزادە، حەسەن کامکار، موزەفەر کامکار و بیژەن کامکار. فەتانە نزیکەی ٥٦ گۆرانی لە ڕادیۆ سنە و ڕادیۆ کرماشان تۆمار کردووە کە تەنیا یەک ئەلبوومی لە بەردەستدایە و زۆربەی بەرهەمەکانی دیکەی بڵاو نەکراونەتە. بۆ نموونە گۆرانی: "ئەی وەی بەلەرزانە گیانە بەلەرزانە، گێل گێلەکەی دەوری سەری پەخشە پەرێشانە" و ... ئەم گۆرانیشە دواتر لەلایەن "حوسێن شۆخکەمان" (گروپی برایانی زێزێ) وتراوەتەوە و "ناسر ڕەزازی"ش لە بەرهەمی ساڵی ١٩٨٤ی زایینیدا لە شاری سلێمانیی باشووری کوردستان لە بەرهەمی "بەردە بەردە" تۆماری کردووە.
بەداخەوە ژیانی هونەریی ئەو هونەرمەندە بەهۆی باری نالەباری ژیان و نەخۆشیی ئەلزایمرەوە زۆر زوو کۆتاییی پێ هات و بەهۆی ڕووداوەکانی ژیانییەوە لە دنیای هونەر دوور کەوەتەوە، بەڵام لەو تەمەنە کورتەشدا توانی ڕۆڵێکی مێژوویی و بەرچاوی لە هونەری مۆسیقای کوردیدا ببینێت و بەو دەنگ و چریکە تایبەتەیەوە لە کۆمەڵگەی ئەوکاتی کوردستاندا دەرکەوتنی وەک کچە پێشەنگێکی هونەرمەند ڕۆڵێکی کاریگەری گێڕاوە.
فەتانە یەکێک لە ژنە پێشەنگە گۆرانیبێژەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کودستانی گەورەیشە کە بە دوای ئەودا چەند ژنێکی دیکە وەکوو: شەهین تاڵەبانی، مەستوورەی ئەسەدی، سدیقە محەمەدنژاد، هاتنە ناو مەیدانی هونەرییەوە. بەداخەوە بێجگە لە شەهین تاڵەبانی، هەموویان دوای ماوەیەکی کورت وازیان لە گۆرانیوتن هێنا. بەڵام دوای قۆناغی فەتانە لە هەموو پارچەکانی کوردستان بە دەیان کچ و ژنە هونەرمەندی گۆرانیبێژ هاتوونەتە مەیدانی هونەر و هەرکامەیان پێگە و سەنگی خۆیان هەیە. بۆیە دەکرێت لەم بارەیەوە هونەرمەند فەتانە وەلیدی وەک ڕچەشکێنێکی کوردستان لەقەڵەم بدەین.
ئەوەی جێگەی هەڵوەستەیە؛ دەنگ و ڕێچکەی هونەریی هونەرمەند "فەتانە وەلیدی"یە کە وەک ژنە گۆرانیبێژێکی ڕچەشکێن جیا لەوەی کە سترانەکانی بەردەوام زمزمەی سەر زاری لاوان و بەتایبەت لاوانی ئەڤیندار و دڵداری کورد بوون، کاریگەریی لەسەر نەوەکانی دوای خۆشی هەبووە و چەندین گۆرانیی ئەو لەلایەن کچان و ژنان و تەنانەت کوڕانی هونەرمەندی کوردیشەوە وتراونەتەوە. یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی دەنگی فەتانە، ڕەسەنایەتی، خەم و ئازاری جیایی، نەرمونیانی، ئەڤینداری و سۆزدارییەکی پەتییە کە ژنیەتیی مرۆڤی کورد تێیدا قوڵپ دەدات و نەوە بە نەوەش ئەم هونەرە دەگوازرێتەوە.
فەتانە یەکێک لەو هونەرمەندانەیە کە مخابن کۆسپ و تاڵی و سوێرییەکانی ژیان و کۆمەڵگەی نەریتی نەیانهێشت وەک خۆی بژیت و زیاتر پەرە بە هونەر و دەنگی بلاوێنی بدات و لەڕاستیدا ژیانی فەتانە دیوێکی تراژیک و ڕاستیی تاڵی گۆڕەپانی هونەری ئێمەیە کە هونەرمەندێکی گەرووزێڕین لەژێر باری قورسی خەمەکانی ژیاندا تەریک بژیت و هەتا دواساتەکانی مەرگی بەو ئازارانە بناڵێنێت.
بەشێک لە ستران و گۆرانییەکانی هونەرمەند فەتانە بریتین لە: "ئەی دڵی غەمینم بۆچ بێقەراری"، "لە ژین بێزارم"، "لای لای دڵم لای لە باغی سینەم"، "ئای لە دەس یارم ماڵی وێرانم"، "لە سەر ڕووی قامەتی یار"، "کەومل کەومل کەوملکە"، "هاتەوە یارم یاری وەفادارم"، "بێ تۆ بیمارم، بێ دۆست و یارم"، "ئاوا بێمێهر و مەرحەمەت، حەکیمی دەردەدار ئەبی"، "بەهارە فەسڵێکی خۆشە بەهارە" و چەندین گۆرانیی دیکە.