image


پەیامی کورد... فوئاد حوسێن: پێویستە سەرجەم ھێزە سیاسییەکان وانە لە رووداوەکانی بەغدا وەربگرن

وەزیری دەرەوەی عێراق، لە کۆبوونەوەی لەگەڵ یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، باربارا لیف رایگەیاند "پێویستە سەرجەم ھێزە سیاسییەکان لە پێناو پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵایەتیی، وانە لە رووداوەکانی بەغدا وەربگرن".

یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، باربارا لیف لەچوارچێوەی سەردانەکەی بۆ بەغدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن کۆبوویەوە.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە لە کۆبوونەوەکەدا، پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا، ئەو پرسانەی کە جێگای بایەخی ھاوبەشبوون، ھەروەھا چۆنێتی پتەوترکردنی ھاریکارییە ھاوبەشەکانی نێوان ھەردوو وڵات لەسەرجەم بوارەکاندا تاوتوێ کراوە و جەختیشی کراوەتەوە لە پاڵپشتیکردنی سەقامگیری سیاسیی، ئابووریی و ئەمنیی عێراق.

ئاماژەی بەوەیشداوە کە فوئاد حوسێن باسی لە رەوشی سیاسیی عێراق، ھەروەھا رووداوەکانی ھەفتەی رابردوو لە ناوچەی سەوز ناوەڕاستی بەغدا کردووە و ئاماژەی بەوەداوە کە ئەو رووداوانە زیانی زۆریان بە پڕۆسەی سیاسیی گەیاندووە و گوتوویەتی "پێویستە سەرجەم ھێزە سیاسییەکان لە پێناو پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵایەتیی، وانە لە رووداوەکانی بەغدا وەربگرن".

ھەروەھا باسی لەوەش کردووە کە وەزیری دەرەوەی عێراق جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە زنجیرە دیالۆگەکانی ئێستا، پێویستە ھەمووان بگرێتەوە، گرنگە پرۆسەی دیموکراسی وەک خۆی، ھەروەھا ئاشتیی کۆمەڵایەتیی بپارێزرێن.

ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، رەوشی ھەرێمیی و پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ھەروەھا گفتوگۆکانی ئێستای ڤیەننا لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران خراونەتە بەرباس و لەوبارەیەوە ھەردوولا ئومێدیان کردووە ھەردوو وڵات بگەن بە رێککەوتنێکی کۆتایی لەبارەی ئەو پرسە.

ئاماژەی بەوەیشداوە کە ھەردوولا رەوشی سووریایان تاوتوێ کردووە و لەوبارەیەوە فوئاد حوسێن جەختیی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە بنتانانەوەی سەقامگیری لە سووریا، تەنھا لە بەرژەوەندی گەلی سووریا نییە، بەڵکو لە بەرژەوەندی عێراق و ناوچەکەیش دایە.

رۆژی چواری ئەیلوولی ٢٠٢٢، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، باربارا لیف بەسەردانێک گەیشتە بەغدا و لە میانیدا لەگەڵ ھەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق کۆبوویەوە.